ئاساییشی كەركووك: داعش 10 ھاووڵاتی سڤیلی کوشت

كەركووك -KDP.info- بەیانیی ئەمڕۆ لە ناوچەیەكی نزیك شاری كەركووك، چەكدارانی داعش ھێرشیان كردە سەر گوندێكی سەر بە ناحیەی یایچی لە باشووری شارەكە و لە ئەنجامدا ژمارەیەك ھاووڵاتیی سڤیل كوژران.
لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر و كشانەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە، داعش له زۆرێك لە ناوچەكانی پارێزگای كەركووك و ناوە ناوە ھێرش بۆ سەر ھاووڵاتیان و ھێزە عێراقییەكان دەبات، وەك گوتەبێژی ئاساییشی كەركووكیش دەڵێت: "ئەمڕۆ داعش قەتڵوعامی دانیشتووانی گوندێكی كەركووكی كردووە و نزیكەی 10 ھاووڵاتی کوژراون".
نەقیب گۆران عەبدوڵڵا، گوتەبێژی ئاساییشی كەركووك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "بەیانیی ئەمڕۆ، ھێزێكی چەكدارانی سەر بە گرووپی تیرۆریستیی داعش ھەڵیانكوتاوەتە سەر گوندی ئەلبو شاھری سەر بە ناحیەی یایچی و بەنێو دانیشتووانی گوند كەوتوون و لە ئەنجامدا بەپێی ئەو زانیاریانەی گەیشتوونەتە ئاساییشی كەركووك، 10 ھاووڵاتی سڤیلی گوندەكە کوژراون".
عەبدوڵڵا روونیشی كردەوە: "لە كاتی ھێرشەكەی تیرۆریستانی داعش، ھیچ ھێزێكی ئەمنی لە ناوچەكە نەبووە بۆ بەرگریكردن لە خەڵگی گوند و، دوای رووداوەكەیش ھێزەكەی داعش بەرەو شوێنێكی نادیار چوونە، بەردەوامیش داعش لەو سنوورانە چالاكییان ھەیە، كە جگە لە ھێزە ئەمنی و سەربازییەكان، خەڵكی سڤیلیش دەكەنە ئامانج".
قائید میرۆ




