ئەمڕۆ پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن و كۆبوونەوەكەش بە كراوەیی دەمێنێتەوە

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی خولی نوێ گوتی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراقدا، تەنیا پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن و، دواتریش كۆبوونەوەكە بە كراوەیی دەمێنێتەوە تاوەكو رێككەوتن دەكرێت.
سەبارەت بە ئەنجامدانی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە خولی نوێدا، بەیار دۆسكی، ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و تێیدا تەنیا پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری ناكرێت، چونكە ھێشتا رێككەوتن نەكراوە".
سەبارەت بە خاڵەكانی بەرنامەی كار، دۆسكی گوتی، كۆبوونەوەكە سەعات ١١ بەڕێوە دەچێت و سەرەتا بە خوێندنی چەند ئایەتێكی قورئانی پیرۆز دانیشتنەكە دەست پێدەكات و ھەر سێ سەرۆكایەتیی عێراق گوتاری خۆیان پێشكەش دەكەن، دوای ئەوەش بەتەمەنترین پەرلەمانتار بە ناوی محەممەد زەینی، سەرۆكایەتیی كۆبوونەوە دەكات و دواتریش پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن و كۆبوونەوەكە بە كراوەیی دەھێڵدرێتەوە تاوەكو لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن، چونكە ھێشتا رێككەوتن نەكراوە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری بكرێت".
ئەو پەرلەمانتارە، هەروەها ئاماژەیشی دا، راستە جێگری سەرۆكی پەرلەمان پشكی كوردە، بەڵام تاوەكو ئێستا فراكسیۆنە كوردییەكان ئەو پۆستەیان یەكلا نەكردووەتەوە و ھیچ كەسێكیان بۆی دیاری نەكردووە.
بڵند ئیبراھیم




