مەیادە محەممەد: لە یەكەم دانیشتنی سوێندخواردندا ئامادە دهبین

بەغدا-KDP.info- بڕیارە سبەینێ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ ببێتەوە. ئەندامێكی فڕاكسیۆنی پارتییش دەڵێ، ئەگەر كۆبوونەوەكە كرا، ئەوان ئامادە دەبن، بەڵام تا ئێستا دیار نییە دەكرێت یان دوا دەخرێت.
كۆبوونەوەی حزب و لایەنەكان چڕ بووەتەوە بۆ ئەوەی بەیانی لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی كۆمار هەڵبژێردرێت، گەورەترین كوتلەیش پێك بێت بۆ ئەوەی سەرۆككۆمار ڕایبسپێرێت حكوومەت پێك بێت، لایەنە كوردییەكانیش دووپاتی دەكەنەوە، هەر لایەك ماف و داواكارییەكانی كورد جێبەجێ بكات، پاڵپشتی دەكەن.
دوێنێ، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ بووەوە و لە دیدارەكەدا رایگەیاند، كە پێویستە ئەولەوییەتی فڕاكسیۆنی پارتی، داكۆكیكردن لە مافەكانی گەلی كوردستان بێت.
مەیادە محەممەد نەجاڕ، ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "بڕیارە بەیانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە بچێت، ئێمەیش ئاگادار كراینەوە كە لە یەكەم دانیشتنی سوێندخواردندا ئامادە بین".
وەك نەجاڕ ئاماژەی دا: "تا ئێستا گەورەترین كوتلە دروست نەبووە، دواخستنی دانیشتنەكە لە دەست حزب و لایەنەكانە، ئەمڕۆ ئێوارە سەعات 7 دیار دەبێت كە كۆبوونەوەكە دەكرێت، یان دوادەخرێت".
ڕابین شێروانی




