١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

د. عەلا مەكی: كاندیدی خۆمان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دیاری دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- سەركردەیەكی سوننەكان دەڵێ، گرینگە كورد و سوننە بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقدا، هەماهەنگییان هەبێت، چونكە زۆر خاڵ و بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە. ئاماژەیشی دا، پێش ئەنجامدانی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان، كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دیاری دەكەن.

گفتوگۆی نێوان لایەنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دەستی پێكردووە، دادگای فیدراڵیش ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەسەند كردووە و بڕیارە لە ماوەی 15 ڕۆژدا سەرۆككۆمار پەرلەمانی نوێ رابسپێرێت بۆ ئەوەی كۆ ببێتەوە و لە یەكەم كۆبوونەوەشدا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.

لەبارەی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان كە پشكی سوننەیە، د. عەلا مەكی، نوێنەری حیزبی ویفاقی نیشتیمانی بە سەرۆكایەتیی ئەیاد عەللاوی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تاوەكو ئێستا لایەنە سونییەكان نەیانتوانیوە لەبارەی دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی ئەنجوومەنی نوێنەران بگەنە رێككەوتن و لە گفتووگۆی بەردەوامدان، چەندین كەسیش هەن كاندیدن بۆ ئەو پۆستە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ كەسێك یەكلا نەكراوەتەوە، بۆیە نامانەوێت ناوی كەسێك بێنین".

مەكی، گوتیشی: "هەوڵەكان بەردەوامن لەلایەن كوتلە سونییەكان و پێش ئەوەی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، كاندیدی خۆمان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دیاری دەكەین".

سەبارەت بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێیش، ئاماژەی دا: "ئەوەی گرینگە لە ئێستادا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان یەكلا بكرێتەوە و یەكەم دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، چونكە ئەگەر ئەو پۆستە یەكلا بووەوە، هەردوو پۆستی سەرۆكوەزیران و سەرۆككۆماریش بە زوویی یەكلا دەبنەوە".

لەبارەی رۆڵی كورد و سوننە لە حكوومەتی دابێ، ئەو سەركردەیەی سوننەكان باسی لەوە كرد: "كورد و سوننە خاڵی هاوبەش و بەرژەوەندیی هاوبەشیان زۆرە، بۆیە ئەگەر هەماهەنگی لە نێوان ئەو دوو پێكهاتە سەرەكییەدا هەبێت، هەڵوێستیان زۆر بەهێز دەبێت و پێگەشیان بەهێزتر دەبێت لەوەی بە جیا بەشدار بن، بۆیە هیوادارین ئەو هەماهەنگییە دروست بێت و پێكەوە بەشدار بن".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار