"حەشدی شەعبی ناکۆکیی خستووەتە نێو ماڵی شیعەوە"
__2018_08_25_h15m13s27__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- لە ڕۆژانی ڕابردوو سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی لە ھەندێ ناوچەی سوننەنشین دەرکرد، بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ھاوکات فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی عێراقیشە بڕیارەکەی ھەڵوەشاندەوە. چاودێرانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەگەر حەشدی شەعبی لە شوێنی ئێستای بمێنتەوە مەترسیی زیاتر دروست دەکات.
ئەبوومەھدی موھەندیس، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بەر لە چەند ڕۆژێک دوو بڕیاری دەرکرد، کە بریتی بوون لە کشانەوەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە سوننەنشین و کوردنشینەکانی نەینەوا و داخستنی بارەگاکانی حەشد لە نێو شارەکاندا، دوای دەرچوونی فەرمانەکەش ژمارەیەکی زۆری ھێزەکانی حەشد لە سنووری ناوچەکانی دەشتی نەینەوا و ڕەبیعە و شنگال و زوممار پاشەکشەیان کرد.
مامۆستایەکی زانکۆ پێی وایە بڕیاری کشانەوەی حەشدی شەعبی زیاتر وەک تاکتیک بەکار دێنن بۆ ڕاکێشانی لایەنە سیاسییەکان و بابەتی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، د. ئیبراھیم شەرەفانی لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ھۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری حەشدی شەعبی بۆ ئەوە گەڕاندەوە: "ئەگەر حکوومەتی نوێ لە بەرژەوەندیی حەیدەر عەبادی پێک ھات ئەوە حەشدی شەعبی دەکشێتەوە لە ناوچە کوردستانی و سوننەکانیش، چونکە مەرجی کوردە بۆ ئەوەی حکوومەت پێک بێت پێویستە ڕەوشی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر پێکھێنانی گەورەترین کوتلە بەلای عەبادیدا نەشکێتەوە، نەک حەشد ناکشێتەوە، بەڵکو کێشەی دیکەش دروست دەکات."
بڕیارەکەی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ناکۆکیی خستە نێوان ئەبوومەھدی موھەندیس و حەیدەر عەبادی، لە نووسراوێکی تایبەتدا کە ئیمزای سکرتێری تایبەتی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەسەرە، عەبادی ھەردوو بڕیارەکەی دەستەی حەشدی شەعبی ھەڵوەشاندووەتەوە و داوا دەکات پابەندی یاسا و ڕێنماکان بن، بە گوتەی چاودێرانی ڕەوشی عێراق ئێستا زۆرترین ناکۆکی لە نێو ماڵی شیعەدا ھەیە و لەسەر زۆرێک لە پرسەکان لێکترازان پەیدا بووە."
زەمان عەبدە، شارەزای جینۆساید و تاوان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حەشدی شەعبی تاکە ھێزە گوێ بە یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان نادات و دەست لە ھیچ تاوانێک ناپارێزن، عێراقیش ھیچ پابەندبوونێکی نێودەوڵەتی نییە بۆ ئەوەی لە کاتی ئەنجامدانی تاوان ئەو میلیشیایانە سزا بدات، لەبەر ئەوە ھەبوون و مانەوەی حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییە داگیرکراو و سوننەنشینەکان کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر ھەڵکشانی تاوان و پێشێلکردنی یاسا."
د.ئیبراھیم شەرەفانی ڕوونی کردەوە: "تا گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە سنوورەکانی کوردستان و ناوچە سوننەنشینەکان بمێنن عێراق سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت، چونکە ھەبوونی ئەو میلیشیایانە بووەتە سەرچاوەی چەندین کێشە بۆ خەڵکی خۆجێی ئەو سنوورانە، بەتایبەتی ھاووڵاتیانی ئاوارە ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی بەڕێوە ناچێت، نائارامیی بەشێکی زۆری ناوچەکان بەندە بە ھەبوونی چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە."
عەبدە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "گرووپەکانی حەشدی شەعبی تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانی قێزەون و تەنانەت تاوانی دژی جەنگیش، دوای گرتنەوەی ناوچەکانی مووسڵ ئاوارەکان بەلێشاو گەڕانەوە بۆسەر ماڵوحاڵی خۆیان، کەچی ئێستا کۆچی پێچەوانە دەستی پێ کردووەتەوە و دووبارە ھاووڵاتیانی عێراق لە ترسی تاوانەکانی حەشدی شەعبی دەگەڕێنەوە نێو کەمپی ئاوارەکان، چونکە حەشد تاوان دژی عەرەبی سوننە ئەنجام دەدات و کەسیش لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکات، ئەوەی حەشدی شەعبی دەیکات ڕێک حوکمی عێراقە، واتە ئەوە حکوومەتە وای پێخۆشە حەشد تاوان بکات."
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی لە سنووری زوممار بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد: "ھێزەکانی پێشمەرگە بە وردی چاودێری ڕەوشی ناوچەکە و پڕۆسەی کشانەوەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری نەینەوا دەکەن، بەڵام بابەتەکە ئاڵۆزە و ڕاستە ئێستا بەشێک لەو ھێزانە کشاونەتەوە، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە ھیچ ڕێککەوتنی دیاریکراو نییە وردەکاری کشانەوەیان چۆن دەبێت."
قائید میرۆ




