١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"داعش ھەڕەشە لە عێراق دەکات"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  داعش جارێکی دیکە و بە شێوەیەکی دیکە هەڕەشە لە عێراق دەکاتەوە، شارەزایانی ئەمنی دەڵێن، داعش ئەگەر بەناوی خۆیشی نەبێ بەناوێکی دیکە دەیەوێ دەرکەوێتەوە و جارێکی دی ببنەوە هەڕەشە بۆ عێراق.

ماوەی چەند رۆژێکە چەکدارانی سەر بە گروپی تیرۆرستی داعش ھەڕەشە لە چەند ناوچەیەکی  عێراق دەکەن و لە زنجیرەیەک ھێرشی تیرۆریستی دا ژمارەیەک ھاوڵاتی و ئەندامی ھێزی ئەمنی و حەشد کوژران و لەناویاندا ئەندامێکی خۆلی رابردووی پەرلەمانی عێراق ھەیە.
تادێ داعش لە عێراق زیاتر خۆی رێکدەخاتەوە و کردەی تیرۆری زیاتر دەکات، پێوەست بە زیادبوونی چالاکی داعش، ئازاد ئەبوبەکر کە شارەزایی ئەمنییە دەڵێ، ھەموو ئەو داعشانەی نێوخۆیین و لەشەڕەکانی رابردوودا نەکوژراون دەستیان بە چالاکی کردووە، ئەو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی دا کە داعش ھەمووی ئەو ھێزەنەبوو لەدەرەوەی عێراق ھاتبێ، بەڵکو ژمارەی سەرەکی لەچەکداری نێوخۆی عێراق پێکھاتبوون، ھێشتا زۆرن ئەوانەی لەعێراقدا باوەڕیان بە داعش ھەیە و کار بۆ زیندووکردنەوەی دەکەن.
ئەو شارەزایەی ئەمنی جەتیکردەوە" ئەوانەی پێشتر سەربە رژێمی بەعس بوونە و ھێشتا لەنێوخۆی عێراق ماون لەگەڵ دەرکەوتنی گروپی تیرۆریستی داعش بەیعەتیان بەو گروپە داوە، چونکە ئەو کۆنە بەعسیانە ناتوانن بچنە نێو پڕۆسەی سیاسی و بەشداریان پێناکرێت لە دەزگەی ئەمنی و سەربازیی عێراق.

ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە سێ ساڵی شەڕی بەرەنگاربوونەویە داعشدا ھاوکار و پالشتی ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان بوون بۆ لەنێوبردنی تیرۆریستانی داعش، گوتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا حەفتەی رابردوو ئاشکرای کرد، ھێزەکانیان لە عێراق دەمێنەوە تا ئەو کاتەی عێراق پێویستی بەو ھێزانە هەیە، لەو بارەیەوە شون رایان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا گوتی" ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەمێنەوە تا ئەو کاتەی پێویست دەکات تا ھاوکاری عێراق بکەن بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری لەوناچانەی لە ژێر دەستی داعش رزگار کراون، مەبەست لەمانەوەی ھێزەکانمان تەنیا سەقامگیری و ئارامییە.

لەساڵی ٢٠١٤ چەکدارانی داعش ھێرشیانکردە سەر ژمارەیەک ناوچەی ھەرێمی کوردستان، بەڵام ھێزەکانی پێشمەرگە دوای بەرگریکردن لە سەنگەرەکایان و بەکارھێنانی چەندین تاکتیکی شەڕ توانیان داعش تێک بشکێنن و خاکی ھەرێمی کوردستان پاکبکەنەوە لە تیرۆرستان،  د.تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر دەڵێ،  پێشتریش چەندین جار ئەوەمان راگەیاندووە، مەترسی سەربازیی داعش لەسەر ھەولێر و ھەرێمی کوردستان نەماوە، بەڵام وەک فکرە ھێشتا داعش مەترسی خۆی ماوە،  بەڵام کە پێشتر چەک و تەقەمەنی زۆر لەبەردەستی داعش بو ھێرشی دەکردە سەر ناوچەکانی نزیک ھەولێر ئەوە نەماوە.

بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" ماوەیەکە گروپی تیرۆریستی داعش  لەھەندێ ناوچەی وەک مەخموور بە مەفرەزەی پارتیزانی لێرەو لەوێ چالاکی دەکەن، پێش ماوەیەک شوانێکی کوردیان لەنزیک مەخموور دەستگرکرد و دواتر سەریان بڕی و شەھیدیان کرد، یان لەنێو شارەکان سێ چوار ھەرزە ھەلخەڵەتێنن بۆ ئەنجامدانی چالاکی ئەوە ھەیە، بەڵام ئەو مەترسی  و ھێزەی جارانی نەماوە و ناتوانێ چالاکی وا بکات ھێرشی بەربڵاو بکاتە سەر کوردستان.

داعش ماوەی دوو ساڵە توشی شکستی گەورەبوە لە عێراق و زۆربەی ناوچەکانی پێشتر بە خاکی خەلافەتەی ناوی بردون لەدەستی داوە، بەڵام بۆیەکەم جار دوای ئەو شکستەی لەعێراق داعش بەسەری ھات، ئەبوبەکر بەغدادی تۆمارێکی دەنگی بڵاوکردەوە و تێدا داوای لە چەکدارانی داعش کردوە بەردەوامبن لەشەڕکردن و ھەموو شێوازێکی شەڕکردن بەکاربێنن" ھاوکات بەغدادی ددانی بە شکستی رێکخراوەکەیدا ناوە و نەیشاردەوە داعش شکستی گەورەی ھێناوە لە عێراق.

ئازاد ئەبوبەکر روونیکردەوە" ھەموو ئەو پاشماوەی رژێمی بەعس و گروپی تیرۆریستی داعش بەھەموو شێوەیەک تا پێان بکرێت دژایەتی سیستەمی ئێستای عێراق دەکەن و لەھەر دەرفەتێکدا کار بۆ روخاندنی حکوومەت و سیستەمی حوکم لەعێراق دەکەن، لەبەرئەوە ھێشتا داعش کۆتایی نەھاتووە لە عێراق و ماوە و ئەگەر بەناوی داعشیش نەمێنن ئەوا بێگومان لەژێر ناوی دیکەوە گروپ و تاقمی دیکە دەردەکەون و دژایەتی سیستەمی نوێی حوکمڕانی عێراق دەکەن، لەبەر ئەوە تا خەڵکی ناڕازی ھەبێت لە عێراقدا ئەوا گروپی تیرۆریستی ھەردەمێنن.

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار