هاووڵاتیان حکوومەتی ئێستای عێراقیان ناوێت""
__2018_08_07_h15m36s50__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- بڕیارە سبەی چوارشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕەوشی عێراق بەڕێوە ببات و چاودێرێکی سیاسیش دەڵێ، ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلھێز سنوورێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی عێراق دانەنێن، لەوانەیە ڕەوشی عێراق بەرەو خراپتر بچێت.
دکتۆر محەمەد شاکر، چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە چەند لایەوە کێشە بۆ عێراق دروست بووە، لەوانە بەردەوامیی خۆپیشاندانی ھاووڵاتیانی باشوور ڕەوشی عێراقی بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر بردووە، لە لایەکی دیکەوە ھێشتا ئەنجامی کۆتاییی ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایار پەسەند نەکراوە و بۆشاییی یاسایی دروست بووە، ئەوەش وای کردووە ھاووڵاتیانی عێراق چیی تر بەرگەی ئەو ھەموو نەھامەتییە نەگرن، چونکە ئێستا ھاووڵاتیانی عێراق نەک حکوومەتی ئێستای عێراقیان ناوێت، بەڵکو دەیانەوێت لێپرسینەوەشیان لەگەڵ بکرێت."
شاکر، کە ھاوکات کاندیدی دەرچووی پارتییە بۆ خولی داھاتووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "ئاشکرایە وڵاتانی دیکە زۆر جار بڕیار لەسەر ڕەوشی عێراق دەدەن، لەبەر ئەوەش ڕەوشەکە ئێستا گەیشتووەتە قۆناغێک کە ڕەوشی عێراق لەوە خراپتر نابێت، واتە پێم وایە ڕەوشەکە زۆر مەترسیدارە و پێویستی بەوە ھەیە ئیدی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلھێز بێنە نێو کێشەکە و چارەسەرێک بۆ خۆپێشاندان و ئەو ڕەوشەی ئێستا عێراق تێی کەوتووە، بدۆزنەوە."
ماوەی مانگێکە خۆپێشاندان ژمارەیەک پارێزگای عێراق و بەغدای پایتەختی گرتووەتەوە و ھەرچەند حکوومەتی ئێستای عێراق زۆر ھەوڵی داوە بۆ دامرکاندنەوەی خۆپێشاندانەکان، بەڵام وەک خۆپێشاندەران دەڵێن چیی تر متمانە بە دەسەڵاتدارانی عێراق ناکەن و بەردەوام دەبن لەسەر خۆپێشاندان. لەو بارەیەوە، دکتۆر محەمەد شاکر ڕوونی کردەوە: "داواکاریی خۆپێشاندەران داواکاریی ڕەوان، چونکە گەندەڵی ھەموو جومگەکانی وڵاتی عێراقی گرتووەتەوە، ھاووڵاتیان ھیچ ئومێدیان بە حکوومەت و دەسەڵاتدارانی عێراق نەماوە."
قائید میرۆ




