بۆ ماوەیەک، پرۆسەی عەرەباندن وەستێندرا

مووسڵ-KDP.info- نوێنەری كوردانی شەبەك لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ گوتی: "دوای دەرچوونی بڕیاری بەعەرەبكردنی دەشتی نەینەوا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە، گوشارێكی زۆرمان دروست كرد بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكرێت، بۆیە لە ئێستادا بە شێوەیەكی كاتی پرۆسەكە راگیراوە".
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی عێراق، بڕیاری داوە كە ٤٥٠خێزانی عەرەب بگوازێتەوە بۆ دەشتی نەینەوا و لە حەمدانییە، بەرتلە و باشیك و ناوچەكانی دیكە نیشتەجێ بن، كە ئەو خێزانانە كاتی خۆی رژێمی بەعس بە مەبەستی بەعەرەبكردن ھاوردەی كردبوون و دواتر قەرەبوو كرانەوە و گەڕابوونەوە ناوچەكانی خۆیان، كەچی ئێستا جارێكی دیكە بڕیار دراوە بگەڕێندرێنەوە بۆ دەشتی نەینەوا.
غەزوان داوودی، نوێنەری كوردانی شەبەك لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی عێراق بڕیاری دا كە ٤٥٠خێزانی عەرەب لە دەشتی نەینەوا نیشتەجێ بكات، ئێمە وەك نوێنەری پێكھاتەكانی مەسیحی، ئێزدی و شەبەك و پێكھاتەكانی دیكە ھەوڵەكانمان خستووەتە گەڕ، بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكرێت، چونكە ئەگەر رێگە بەمە بدەین، خەڵكی دیكەیش ھاوردە دەكرێت و دەشتی نەینەوا ھەمووی بەعەرەب دەكرێت".
داوودی گوتیشی: "ئێمە لە ئەنجامی ھەوڵەكانمان توانیومانە لەگەڵ فەرمانگەكانی باری كەسی رێك بكەوین كە جارێ فەرمانی گواستنەوەی تۆماری باری كەسی رابگرن و ئەو فەرمانەی دەركراوە جێبەجێی نەكەن، تاوەكو بڕیارەكە ھەڵدەوەشێتەوە، چونكە بە ھیچ شێوەیەك رازی نابین بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت".
بڵند ئیبراھیم




