د. مەحموود عوسمان: دەسەڵاتدارانی عێراق باوەڕیان بە دەستوور نییە
__2018_08_04_h19m5s52__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شەممەش خۆپێشاندانەکانی شارەکانی باشووری عێراق بەردەوامن و خۆپێشاندەران ڕژدن لەسەر جێبەجێکردنی داواکانیان، سیاسەتمەدارێکیش پێی وایە باشترین چارەسەر جێبەجێکردنی دەستوور و چوونە ژێر باری داوای خۆپێشاندەرانە.
دکتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەمەتداری کورد بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەستووری عێراق ڕێگەی داوە بەوەی ھەرچەند پارێزگایەک دوای تێپەڕاندنی مەرجە یاسایی و دەستوورییەکان داوای ھەرێم بکەن، بەڵام ئەقڵیەتی دەسەڵاتدارانی عێراق چەندین ساڵە ڕێگە بە ھیچ پارێزگایەکی عێراق نادەن داوای بەھەرێمبوون بکەن، ئەگەر بێت و پێشتر دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرایە، ئەوە کێشەکانی ئەمڕۆی باشووری نەدەگەیشتن بەو ڕۆژەی خۆپێشاندان ئەنجام بدرێن، پێم وایە تا لە عێراق دەستوور وەک خۆی بەبێ پێچوپەنا جێبەجێ نەکرێت کێشەکان نابڕێنەوە."
ئەو سیاسەتمەدارەی کورد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "تا دەست بە چاکسازی نەکرێت لەوەی حکوومەتی ئێستا داخوازیی خۆپێشاندەران جێبەجێ بکات، ئەوە شەپۆلی خۆپێشاندان بەردەوام دەبن، لەوانەیە لەگەڵ جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان داخوازیی خەڵکی باشووری عێراق بەرز بێتەوە، ئەوکات لە توانای حکوومەتدا نییە جێبەجێی بکات."
دکتۆر مەحموود عوسمان زیاتر گوتی: "تەنیا چارە بۆ دامرکاندنەوەی خۆپێشاندانەکان چوونە ژێرباری داواکارییەکانیانە، پێم وابێت حکوومەتی نوێ دوا دەکەوێت و ئەو حکوومەتەی ئێستاش ھەیە لە عێراق لە توانایدا نییە ئەو ھەموو داواکارییە وەک خۆی جێبەجێ بکات، چونکە چەندین ساڵە لەسەر یەک کەڵەکە بووە و بەو ئاسانییە چارەسەر نابن."
قائید میرۆ




