چالاكوانانی دەشتی نەینەوا: بەعەرەبكردنی ناوچەكانمان درێژەپێدەری سیاسەتی بەعسە

مووسڵ-KDP.info- چالاكوانانی دەشتی نەینەوا، لە بەیاننامەیەكدا بەعەرەبكردنی دەشتی نەینەوا ڕەت دەكەنەوە و بە درێژەپێدەری سیاسەتی رژێمی بەعس و داعشی دەزانن. باسیش لەوە دەكەن كە رێگای یاسایی دەگرنە بەر و كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەكگرتووەكانیشی لێ ئاگادار دەكەنەوە.
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە، كە 450 خێزانی عەرەب بۆ ناوچە جیاجیاكانی دەشتی نەینەوا بگوازێتەوە و، لە یەكەم هەنگاویشدا 56خێزانی گواستووەتەوە و هەموو مامەڵەیەكیشیان بۆ كراوە.
لە بەیاننامەیەكدا، چالاكوانانی هەموو پێكهاتەكانی دەشتی نەینەوا، كە كۆپییەكی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوە، ڕایانگەیاندووە: "مژدە بە ئێمە درا لە ساڵی 2003ـدا كە رژێمی بەعس ڕووخا، چونكە ناوچەیەكی زۆری عێراقی لە ڕووی دیمۆگرافییەوە گۆڕی، بەڵام جارێكی دیكە داعش سەری هەڵدا، ئەویش لە سنووری مووسڵ دیمۆگرافیای ناوچەكەی گۆڕی، وەلێ دوای هەوڵی زۆری هاووڵاتیان توانرا جارێكی دیكە مووسڵ بگەڕێندرێتەوە و رزگار بكرێت، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ هەندێك هەوڵی دیكە هەن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای دەشتی نەینەوا و تۆماری ناسنامەی خەڵك بۆ دەشتی نەینەوا دەگوازرێتەوە".
لە بەیاننامەكەدا هاتووە: "ئەم هەوڵەی دەدرێت بۆ ئەوەیە كە، دەشتی نەینەوا لە پێكهاتەكان پاك بكرێتەوە، كە خەڵكی ڕەسەنی ئەو ناوچەیەن، لە كاتێكدا داعش نەیتوانی ئەو كارە بكات، بۆیە داواكارین پێكهاتەكان جارێكی دیكە ئەوانەی ئاوارەیشن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتووە: "ئێمە كەس تۆمەتبار ناكەین و رێز لە هەمووان دەگرین، بەڵام بە هەموو شێوەیەك ئەو سیاسەتە ڕەت دەكەینەوە كە بە زۆر بەسەر دەشتی نەینەوادا فەرز بكرێت، بۆیە ئێمە وەك چالاكوانانی هەموو پێكهاتەكان، دژی ئەو بڕیارەین و بە هەموو شێوەیەك ڕەتی دەكەینەوە و رێگای یاسایی دەگرینە بەر و لە دەرگای كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەكگرتووەكانیش دەدەین".
باس لەوەش كراوە: "ئێمە كێشەمان نییە لەوەی خەڵكی مووسڵ لە دەشتی نەینەوا هەبن و پێشتریش هەبوون، بەڵام بۆ گواستنەوەی تۆماری ناسنامە، بە هەموو شێوەیەك ئەمە ڕەت دەكەینەوە، بۆیە داوا لە حكوومەتی ناوخۆی مووسڵ و حكوومەتی ناوەند دەكەین هەڵوێستێكی ڕوونیان هەبێت، چونكە ئاوارەبوونی خەڵكی دەشتی نەینەوایش بە هۆی ئەو سیاسەتەوەیە كە بەرانبەریان بەكار دەهێندرێت".
بڵند ئیبراهیم




