لیژنەی ئاساییش و بەرگری: تا حەشد لە مووسڵ بێت، ئارام نابێت

مووسڵ-KDP.info- كەناڵێكی عێراقی بڵاوی كردووەتەوە، كە حكوومەتی عێراق بڕیاری داخستنی بارەگاكانی حەشدی شەعبیی لە مووسڵ دەركردووە، لیژنەی ئاساییش و بەرگرییش لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ جەخت دەكاتەوە، ھۆكاری نائارامیی مووسڵ و دەشتی نەینەوا، حەشدی شەعبییە و تاوەكو ئەوان لەوێ بن، ئارام نابێت.
پێگەی كەناڵی "ئەلحوڕە" بڵاوی كردووەتەوە، كە حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە سەرجەم بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە مووسڵ دابخات، بە ھۆی ئەوەی ھێرش دەكەنە سەر ھێزە ئەمنییەكان و پارە لە خەڵكی وەردەگرن و پێشێلكاری ئەنجام دەدەن.
لەو بارەیەوە، ھاشم بریفكانی، جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دانیشتووانی پارێزگای مووسڵ فرەپێكھاتەن و دوای شەڕی داعشیش كە زیانی زۆر بەر پێكھاتەكان كەوت، ئێمە رای خۆمان بە حكوومەتی عێراق راگەیاند بۆ پاراستنی پارێزگاكە، ئەویش ئەوەیە كە ھێزێكی ھاوبەش مووسڵ بپارێزێت، نەك ھێزێكی حەشدی شەعبی لە ناوچەیەكی دیكەی عێراق ھاوردە كراوە تا پارێزگاری لە مووسڵ بكات، بەڵام حكوومەتی عێراق حەشدی شەعبیی ھێناوە بۆ ناوچەكە و كێشەی زۆریان بۆ خەڵكی دروست كردووە و بەردەوام خەڵك گلەییان لێ دەكەن و لەو ھێزە ناڕازین، بۆیە پێویستە حەشدی شەعبی بكشێتەوە و ھێزی ھاوبەشی بۆ دروست بكرێت".
بریفكانی گوتیشی: "تاوەكو حەشدی شەعبی لە ناوچەكە بێت و ھێزی ھاوبەشی بۆ دروست نەكرێت، ئەمنییەت بۆ ناوچەكە ناگەڕێتەوە، چونكە لە ھەموو ناوچەكان حەشدی شەعبی ھەیە و خەڵكیش بە ھیچ شێوەیەك لێیان رازی نییە".
جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری، هەروەها باسی لەوەش كرد، تاوەكو ئێستا لەناو مووسڵ ئەمنیەت باش نییە، چونكە زۆر جار تۆڕی تیرۆریستی لەناو مووسڵ دەستگیر دەكرێن، بۆیە خەڵك ھەست بە ترس دەكات و دڵی بەو ئەمنییەتە خۆش نییە، لەبەر ئەوەی ئەمنیەتی لاوازە، لەم ماوەیەی رابردوویشدا لە بادۆش و بەعاج وحەزەر، چەندین كردەی تیرۆریستی ئەنجام دراون و جموجۆڵی داعش بەردەوامە و بە ئازادانە تاوەكو سنووری سووریا جموجۆڵ دەكەن".
بڵند ئیبراھیم




