١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"لایەنە عێراقییەکان لە ژێر فشاری گەورەدان"

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  خۆپێشاندانەکانی عێراق تا دێت گەرمتر دەبن و بەڵێنەکانی حکوومەت و سەرکردە عێراقییەکانیش نەیانتوانی ئاگری خۆپێشاندانەکانی ھاووڵاتییانی باشووری عێراق دامرکێننەوە، مامۆستایەکی زانکۆش پێی وایە داواکاریی خۆپێشاندەران بەرزبووەتەوە و لایەنە عێراقییەکان لە ژێر فشارێکی گەورەی شەقامدان.

 

دوێنێ، ھەینی، ژمارەیەک سەرکردەی شیعە پەیامیان بۆ خۆپێشاندەران عێراق نارد، تا کۆتاییی بە شەپۆلی خۆپێشاندان بھێنن، لەوانەش مەرجەعیەتی باڵای شیعە لە عێراق. بەڵام پەیامەکەی عەلی سیستانی پێچەوانەی داواکاریی خۆپێشاندەرانە، چونکە ئەوان داوای گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی دەکەن و سیستانیش داوای پێکھێنانی حکوومەتی نوێی کرد.

 

لەو بارەیەوە، دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەیامەکەی دوێنێی سیستانی و سەدر دیار بوو ئەوان لەگەڵ پێکھێنانی حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی نین، چونکە داواکاریی خۆپێشاندەرانی باشووری عێراق لە خزمەتگوزارییەوە بەرز بووەتەوە بۆ گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لە عێراق، بەڵام مەرجەعیەتی شیعە لەگەڵ ئەوەدایە چاکسسازی لە عێراقدا بکرێت، پێم وایە خۆپێشاندانەکانی عێراق بەردەوام دەبن، تازە ھیچ لایەنێکی سیاسیی عێراقی ناتوانێت سواری شەپۆلی خۆپێشاندانەکان ببێت، لەبەر ئەوەی ھەموویان لە ژێر فشاری شەقامدان."

 

وەک خۆپێشاندەرانی عێراق ئاماژەی بۆ دەکەن، گەندەڵی تەنگی بە عێراق ھەڵچنیوە و بە ھۆی دزی و بەھەدەردانی بودجە و داھاتی عێراقەوە ئەوان لە سادەترین خزمەتگوزاریی ژیان بێبەش کراون. ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەکان دەڵێت: "بەداخەوە گەندەڵی و فەساد لە عێراقدا گەیشتووەتە ئاستێک ھیچ دەرفەتی تێدا نەماوە، چەندین ساڵە ھیچ خزمەتگوزارییەک بۆ ناوچە سوننەنشینەکان دابین نەکراوە، لە ناوچەی شیعەش بە ھەمان شێوە، تا گەیشتە ڕادەیەک ئابلۆقەی ئابووریان خستە سەر ھەرێمی کوردستانیش."

 

مەشخەل کەولۆسی، سەرۆکی ناوەندی چاوی کوردستان، کێشەکانی ئێستای عێراقی بۆ شکستی حوکمڕانیی ئەو وڵاتە گەڕاندەوە و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "کێشەکان بۆ ئەو ئەقڵیەتە فاشیلە دەگەڕێنەوە کە دەسەڵاتی عێراقیان لەدەستدایە و نەیانتوانیوە حوکمڕانیی عێراق وەک خۆی بکەن، لەبەر ئەوەش، پێم وایە حوکمڕانیی عێراق شکستی ھێناوە و ئەو سیستەمە سەقەتە ھی ئەوە نییە، عێراقی پێ بەڕێوە ببرێت."

 

کەولۆسی ڕوونی کردەوە: "چەندین وڵات دەستیان خستووەتە نێو خۆپێشاندانەکانی عێراقەوە و ھەریەکەو دەیەوێ بە ئاوازێک بخوێنن، کەچی لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە ساڵ بۆ ساڵ بودجەی عێراق ھەر زیادی کردووە و وڵاتیش ھەر بەرەو وێرانبوون چووە، چ ئەقڵیەتێکە لەپای ئەو ھەموو داھاتە زۆرەوە پارەیەکی زۆریش قەرز کرابێت، کەچی ھاووڵاتی بۆ نان و ئاو بێتە سەر شەقام، ناکرێت لە وڵاتێکدا ھەرچی حەوزەی ئایینی بڵێت جێبەجێ بکرێت، حوکمڕانی و دەسەڵاتداری بەو شێوەیە ئایندەی عێراقی خستووەتە بەر مەترسیی گەورە."

 

لە ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ڕابردوو کەمترین ڕێژەی بەشداریکردنی ھاووڵاتییان لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق تۆمار کرا. چاودێران پێیان وایە بەشدارینەکردنی ھاووڵاتییانی عێراق لە ھەڵبژاردنی ڕابردوو پەیامێکە لە تووڕەیی و بێھیوابوونی عێراقییەکان لە بەرانبەر دەسەڵاتدارەکانیدا. دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "لایەنە شیعە و ئیسلامییەکانی عێراق زیاتر لە ژێر فشاردان بۆ ئەوەی ڕۆڵیان ھەبێت لە چاودێریکردنی حکوومەت و پڕۆسەی گەشەپێدان لەسەر ھەموو ئاستەکان."

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار