٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پارتی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی شەشەمی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەکردن کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بەبۆنەی بەستن و بەسەرکەوتوویی کۆتاییهاتنی كۆنگرەی شەشەمی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئەندامان و بەشداربووانی کۆنگرە و تەواوی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان دەكەین، ئاواتەخوازین وەك هەمیشە بەوپەڕی دڵسۆزی و بەرپرسیارانە بۆ لەمەودواش كاروبارەكان رابپەڕێنن و رۆڵی بەرچاو و كاریگەری خۆتان بگێڕن لە پارێزكاریكردن لە رەوشتبەرزی و نیشتیمانپەروەری و قووڵكردنەوە و پتەوتركردنی گیانی تەبایی و یه‌كترقبوڵكردن و پێكەوەژیان لەهەرێمی كوردستاندا.

رۆڵی كاریگەری زانایانی ئاینی لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا هەمیشە بەرهەمدار و رۆشن بووە لەپێناو یه‌كگرتوویی كۆمەڵایەتی و بڵاوكردنەوەی هەستی نەتەوەیی ونیشتیمانی و دەوڵەمەندكردنی بواری رۆشنبیریی و كولتووری، بۆیە جێدەستیان دیارە و مایەی رێزوستایشن.

یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، بەردەوام سەنگەرێكی پتەوی رووبەڕووبوونەوەی نەزعە و پەتای دووبەرەكی و توندڕۆیی و زەبروزەنگ بووە، ئەمڕۆش واپێویست دەكات زیاتر لەرووی بیروباورەِ و راوبۆچوونەكاندا پەرە بەو پەیامەی بدات و بەشێكی سەرەكی بن لەو پرۆسە هەمەلایەنە گرنگەدا.

لەو هەلومەرجە هەستیار و گرینگەی ئێستادا كۆمەڵگەی كوردستانی زیاتر و چاكتر لە هەموو روویەكەوە پێویستی بە پلان و بەرنامەی هۆشیاركردنەوە و كەشێكی ئاسوودە و ئارامتر و گوزەرانێكی بەختەوەرانە هەیە، بۆیە ئەركی سەرشانی هەموو لایەكە لەوانەش یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی بەوپەڕی بەرپرسیاریەتیەوە لەسەر ئاستی یاسایی و جەماوەری، لەرێی بوارەكانی مەدەنی و كۆمەڵگاوە كار لەسەر ئەو پەیامە بكات دژ بە بیری توندڕۆیی و ئاژاوەنانەوە و تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگا.

لەم بۆنەیەدا دووبارە جەخت دەكەینەوە سەر بنەما رەسەنەكانی كوولتوری دێرین و رەگداكوتاوی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و یەكتر قبووڵكردن لە نێو كۆمەڵگەی كوردەواریدا و، وێڕای دووپاتكردنه‌وی  پشتگیری و پالبَپشتیكردنی به‌رده‌وامی پارتیمان بۆ یه‌كێتیه‌كه‌تان، دووبارە پیرۆزبایی كۆتایی هاتنی شەشەمین كۆنگرەی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان لە به‌ڕێزتان و سه‌رجه‌م زانایان و مامۆستایانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام ده‌كه‌ین و، هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ پیرۆزبایی گه‌رممان ئاراسته‌ی ئەو ئه‌ندامانه‌تان ده‌كه‌ین كه‌ كۆنگره‌ وه‌كو ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سەرکردایەتی یه‌كێتیه‌كان  هه‌ڵیبژاردن و له‌ داهاتوودا ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردن و جێبه‌جێكردنی پرۆگرام و بڕیار و راسپارده‌كانی كۆنگره‌یان ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشان، هیواخوازین هەمیشە سەركەتووبن..

مەكتەبی سیاسی   

پارتی دیموكراتی كوردستان

26/7/2018

هەواڵی پەیوەندیدار