١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

یونادم كەننا: چارەنووسی دەیان كریستیان دیار نییە.. متمانەمان بە حكوومەتی عێراق نەماوە

سەرچاوە: KDP.info

 

مووسڵ -KDP.info- سكرتێری حزبی دیموكراتی ئاشووری، نیگەرانیی خۆی لەبارەی بەڵێنەكانی بەغدا بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی شەڕی داعش نیشان دا و دەڵێت، ئەوەی لەبارەی ئەو ناوچانەوە دەگوترا، تەنیا پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردن بوو. ھەرچی پەیوەستە بە كریستیانەكانەوە ئاشكرای كرد، تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەك ھاووڵاتیی كریستیانی لای داعش، دیار نییە.

یونادم كەننا، بۆماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "لە سەرەتاوە بڕوامان بە كۆنگرەی كوێت نەكردووە، ئەوەی لە ساڵی رابردوو بۆ ئاوەداكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی شەڕی داعش تەرخان كرابوو، چونكە باوەڕ ناكەین ھیچی لێ بەرھەم بێت، لەبەر ئەوەی ئاوەدانكردنەوەی ھەموو ئەو ناوچانەی لە سەردەستی گرووپی تیرۆریستیی داعش وێران بوونە، پێویستی بە تەرخانكردنی پارە ھەیە و ھەتا ئێستا حكوومەتی عێراق تەنیا یەك ماڵیشی ئاوەدان نەكردووەتەوە، تەنیا رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان ھەندێ ھاوكاریی ئەو ناوچانەیان كردووە، ئەویش سنووردارە و پڕۆژەكان لە ئاو و ژێرخانی ئابووری پێك ھاتوون".

چەندین وڵاتی كۆمەكبەخش ئامادەیی خۆیان نیشان داوە بۆ ھاوكاریكردنی عێراق تا ناوچە خاپووركراوەكانی سەردەمی داعش ئاوەدان بكرێنەوە و، حكوومەتی عێراقیش لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا پارەی بۆ ئەو ناوچانە تەرخان كردووە، كەچی وەك كەننا ئاماژەی  بۆ كرد، تەنیا ھەر قسە بووە و دەڵێت: "ئەوەی لەبارەی ئاوەداكردنەوەی عێراقەوە دەگوترا و كۆنگرەی بۆ بەسترا، تەنیا پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق بوو، ئێمە ھیچ متمانەمان بە حكوومەتی عێراق و بەڵێنەكانی نەماوە".

لە كاتی كەوتنی شاری مووسڵ و پارێزگای نەینەوادا، ھەزاران ھاووڵاتیی كورد و كریستیان و شیعە و شەبەك كەوتنە دەست تیرۆریستانی داعش و بەشێكیان كوژران و بەشێكی دیكەیش رفێندران، كە چارەنووسی سەدان لەو بێسەروشوێنانە تا ئێستا نادیارە، لەو بارەیەوە سكرتێری حزبی دیموكراتی ئاشووری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ڕاستە لە كاتی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر مووسڵ، ژمارەیەك خێزانی كریستیان نەیانتوانی خۆیان رزگار بكەن و كەوتنە ژێر دەستی تیرۆریستانەوە، بەداخەوە ژمارەیان بە تەواوی نازانرێت و حكوومەتی بەغدا كەمتەرخەمە لەو بارەیەوە، جیاوازییەك ھەبوو لە شێوازی رەفتاری داعش لەگەڵ كریستیانەكان، چونكە ئەوەی بەرانبەر بە كوردانی ئێزدی و شیعەمەزھەبەكان كرا، جیاواز بوو".

ئەو سەركردەیەی كریستیانەكان، زانیاری لەبارەی ئەو كریستیانانەی لە كاتی ھێرشی داعش بۆ سەر مووسڵ كەوتبوونە دەست داعش ئاشكرا كرد و گوتی: "بەپێی زانیارییەكانم، زیاتر لە ١٣٠ ھاووڵاتیی كریستیان وەك بارمتە لەلایەن داعشەوە گیرابوون، لەوانەیش دوازدە كەس لە رێگەی كەركووكەوە ئەو كات گەییشتنە ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا ٣٠ كەسی دیكەیش لە رێگەی خازرەوە گەییشتنە ھەرێم، بەڵام ئەوانەی رزگار بوون، ھەموویان پیر و پەككەوتە بوون، ئەوانەی مانەوە ھیچ زانیارییەك لەبارەی چارەنووسیانەوە نازانین، بەداخەوە بەشێكیان شەھید بوونە".

 

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار