چاودێران: حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی چارەی کێشەکانی عێراق ناکات
__2018_07_21_h16m8s56__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- خۆپیشاندەران جگە ئێستا جگە لە بەرزکردنەوەی درووشمی دابینکردنی خزمەتگوزاری، ھاوکات داوای پێکھێنانی حکوومەتێکی ڕزگاریی نیشتمانیان دەکەن و چاودێرانیش دەڵێن، حکوومەتی رزگاریی نیشتمانی چارە نییە.
داوای حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی دەکرێت
لە خۆپێشاندانی دوێنێی شارەکانی بەغدا و بەسڕە و زیقار و دیوانیە و نەجەف دوو خۆپێشاندەر کوژران و دەیان خۆپێشاندەری دیکەش بریندار بوون، چاودێرانیش پێیان وایە پێکھێنانی حکوومەتی ڕزگاری نیشتمانی فریای کێشەکانی عێراق ناکەوێت و دەردی هاووڵاتییانی عێراقی تیمار ناکات.
دکتۆر نەوزاد محەمەد ڕەسووڵ، مامۆستای زانکۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ڕاستە داواکاریی خۆپێشاندەرانی عێراق بەرزبووەتەوە بو دروستکردنی حکوومەتێکی ڕزگاریی نیشتمانی و کۆتاییھێنان بە حکوومەتی حەیدەر عەبادی، بەتایبەتی ئێستا کە تەمەنی خولی پەرلەمانی عێراق کۆتایی ھاتووە، خۆپێشاندەران داوای پەرلەمان و حکوومەتی دیکە دەکەن لە ڕێگەی ھەڵبژاردنێکی دیکەوە."
نەسرەت سۆفی، سەرۆکی پەیمانگای کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکانیش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێم وایە داواکردنی حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی ئەجێندای سیاسی لەپشتە، چونکە پێشتر ھەندێ لایەن لە ھەرێمی کوردستانیش ئەو داواکارییەیان ھەبوو، لەبەر ئەوەی ھەڵبژاردن لە عێراق ئەنجام دراوە و لە چەند ڕۆژی دابێت ئەنجامی کۆتایی ئاشکرا دەکرێت، گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی پێک دێت و دەست بە ئامادەکاری بۆ پێکھێنانی حکوومەتێکی نوێ دەکرێت لە عێراق، لەو باوەڕەدا نیم خۆپێشاندانەکانی عێراق خۆرسک بن، چونکە لە سەرەتای ھەموو خۆپێشاندانەکانی عێراق سەرەتا داوای خزمەتگوزاری دەکەن دواتر داوکاریی سیاسییان ھەیە، من پێشبینی دەکەم خۆپێشاندانەکان دادەمرکێنەوە و ناگاتە ئەو ئاستەی حکوومەتی ڕزگاری نیشتمانی پێک بێت."
کێشەکانی عێراق گەورەن و دەستی سیاسییان لە پشتە
سوننەکان بە ھۆی پەراوێزخستنیان پێشتر ھەر کە باسی خۆپێشاندان دەکرا ئەوان لە ڕێزی پێشەوەی شارەکانی عێراق بوون، بەڵام ئەم جارە ھێشتا پریشکی خۆپیشاندانەکانی باشوور بە تەواوەتی نەگەیشتووەتە ناوچە سوننەمەزھەبەکان و زیاتر عەرەبی شیعە و شارە شیعەنشینەکانن خۆپێشاندان بەڕێوە دەبەن.
دکتۆر نەوزاد ڕەسووڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لەبەر ئەوەی ماوەی زیاتر لە دە ڕۆژە خۆپێشاندان بەردەوامە، ھەندێ ھێزی نەیار و وڵاتی ئیقلیمی دەستیان خستووەتە نێو خۆپێشاندانەکانی عێراق، چونکە دروستبوونی حکوومەتێکی ھەمیشەیی کارا لە بەرژەوەندیی ھەندێ لایەن و وڵاتی ناوچەکەدا نییە، بەڵام پێم وایە حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی چارە نییە بۆ کێشەکانی عێراق و تەنیا چارە ئەوەیە لایەنە سیاسییەکان پەلە بکەن لە پێکھێنانی حکوومەتێکی نیشتمانی بە بەشداریی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق و ھاوسەنگی لە نێوان کورد و سوننە و شیعەدا بپارێزێت."
نەسرەت سۆفی ڕوونی کردەوە: "ھێزی گەورە لە پشتەوەی خۆپێشاندانەکانی عێراقە، تا حکوومەتێک دروست بکرێت لە عێراق لە ژێر ھەیمەنەی ئەواندا بێت، پێشبینی دەکەم ڕەوشەکە ھێشتا ئاڵۆزیی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ و سەرەتای لێکھەڵوەشانەوەی عێراق بێت، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی نەک ھەر دروست نابێت، ئەگەر دروستیش بێت چارەی ئەو کێشانەی ئێستای عێراق ناکات."
لەبارەی ھەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆ و ئەنجامدانی کوودەتا، دکتۆر نەوزاد ڕەسووڵ گوتی: "پێشتر پێشبینی ئەوە دەکرا شەڕێکی ناوخۆ، یان کوودەتایەک لە عێراق بەرپا بکرێت، بەڵام کاتی ئەو بیر و بۆچوونە توخانە بەسەر چوون، پێم وایە ناگاتە ئەو ڕادەیە ئەمەریکاش ڕێگە نادات کێشەکانی عێراق بگاتە ئەو ئاستە، ئەگەر حکوومەتی عێراق ھەر پێک نەھات ئەوە بژاردەی کۆتایی، دابەشبوونی عێراقە بۆ سەر سێ ناوچەی کورد و سوننە و شیعە."
قائید میرۆ




