شوان محەممەد تەھا: لایەنی سیاسی و ئەجێندای دەرەکی سواری شەپۆلی خۆپیشاندانەکان بوونە

بەغدا-KDP.info- حەفتەیەکە ھاووڵاتیانی باشووری عێراق و شاری بەسڕە بهتایبهت، رژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای دابینکردنی خزمەتگوزاریی دەکەن، ئەمڕۆ یەکشەممەش خۆپیشاندانی بەرفراوانی باشووری عێراق بەردەوامی ھەیه و بەپێی ئاژانسەکانی ھەواڵیش خۆپیشاندەرێک کوژراوە.
حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق سەرەڕای ھەبوونی بودجەیەکی گەورە و داھاتێکی بێسنوور، کەچی ھێشتا دانیشتوانی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بهدهست نەبوونی چەندین خزمەتگوزارییهوه دهناڵێنن، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا دهڵێ، ''شەرمەزارییە بۆ حکوومەتی عێراق دوای پازدە ساڵ حوکمڕانی، شارێکی وەک بەسڕە ئاوی خواردنەوەی نەبێت.''
شوان محەممەد تەھا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت "سیستەمی حوكمڕانی لە عێراق نادروسته، ئەو نادروستییەش کاریگەریی خراپی لەسەر ئەدای کارەکانی حکوومەت و سلوکی حزبە سیاسییەکان ھەیە.. ئەوەی لە شاری بەسڕە رووی دا داخوازیی راستەقینەی خەڵکی بەسڕەیە، کە داخوازیی زۆر سادە و ئاسایین و دەستوور ئاماژەی بۆ کردووه، كه مافی ھەموو ھاووڵاتیەکی عێراقە، پێموایە شەرمەزارییە بۆ حکوومەتی عێراق داخوازیی خەڵکی بەسڕە جێبەجێی نەکات، چونکە ئەوان تەنھا داوای ئاو و کارەبایان کردووە.''
بەرپرسی لقی پێنجی پارتی به مایهی داخی دهزانێ ھەندێ لایەنی سیاسی و ئەجێندای دەرەکی سواری شەپۆلی خۆپیشاندانەکانی باشووری عێراق بوونە و گوتی ''ئەو خۆنیشاندانەی بەسڕە لە ٤٠٠ کەس زیاتری نەبوو، بەڵام کێشمەکێشی سیاسی و دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری رابردووی عێراق، تەسفیە حیساباتی شەخسی و حزبی توانی خۆپیشاندانەکە بەرەو ئاقارێکی دیکە ببات، ئەوەش ئاماژەیە كه رەوشی حزبەکانی عێراق ھۆکارە بۆ ئهوهی ھەموو چرکەیەک پێکدادان روو بدات.. ههڵبهت شەرمەزارییە مەرامی حزبی و سیاسی تێکەڵ بە داخوازیی خەڵکی سڤیل بکرێت، بێگومان بە لاڕێدابردنی خۆپیشاندانەکان لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراق تەواو نابێت.''
تەھا جهخت دهكاتهوه كه شتێك به ناوی حکوومەت لە عێراقدا نەماوە، چونکە خوولی سێیهمی پەرلەمانی کۆتایی ھاتووە، واتە حکوومەتیش هاتووە، ''ئەگەر حکوومەتێک لەماوەی پازدە ساڵدا نەیتوانیبێت داخوازیی خەڵکەکەی جێبەجێی بکات، ئەوا لە ماوەی چوار بۆ پێنج مانگدا ناتوانێ جێبەجێیان بکات، ئاخر ناکرێت داخوازیی ھاووڵاتیان پشتگوێ بخرێن کە ھەموو ئەو داخوازیانە شەرعیەتی یاسایی و دەستووری و ئایینییان ھەیە.''
قائید میرۆ




