راوێژکارێكی سەرۆککۆمار: خۆپیشاندانەکان فراوانتر بن، کارەساتی لێ دەکەوێتەوە

بەغدا-KDP.info- راوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێ، كه بێتو حکوومەتی عێراق بە زوویی وەڵامی خۆپیشاندەران نهداتەوە، کارەسات ڕوو دهدات.
خۆپیشاندان لە عێراق بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری دەستی پێکردووە و سەرەتایش لە پارێزگای بەسره دەستی پێکرد و دواتر چەند ناوچەیەکی دیکەشی گرتەوە و گەیشووهتە بەغدا، چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەگەر دۆخەکە کۆنترۆڵ نەکرێت کارەساتی لێ دەکەوێتەوە.
د.عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق، باوهڕی وایه، ئەو خۆپیشاندانانە گوشارێکە بۆ سەر لایەنەکان بۆ ئەوەی حکوومەتی نوێ دروست بکەن لە کاتێکی زوودا.
ئاماژه بهوهی كه کێشەی زۆر ھەیە و بە تایبەت لە بەغدا کێشەی ئاو و کارەبا گەلێک زۆرە، عهلیاوهیی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت ''ئێران له كاتێكدا کارەبای بڕیوە كه عێراق پارەیەکی زۆر قەرزاریهتی، لهلایهكی دیكهوه ئێران گەمارۆی ئابووری لەسەرە و جگە لەوەش رەنگە ھەندێک لایەنی سیاسییش ئەو خۆپیشاندانانە وەکو کارتێک بە کار بێنن بۆ سەر حکوومەتی عێراق.''
د.عەبدوڵا عەلیاوەیی گوتیشی، ئێستا كه شهپۆلی خۆپێشاندان بەغدایشی گرتووهتهوه، حکومەتی عێراقی ھێزی رەوانەی بەسره کردووە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە کۆمپانیا نەوتییەکان؛ دهڵێ ''حکوومەتی عێراق خۆی لاوازە و نەیتوانیووە خزمەتی گەلی عێراق بکات، بۆیە پێویستە ھەرچی زووە وەڵامی خۆپیشاندەران بدرێتەوە.''
بهلهبهرچاوگرتنی ئهوهی له باشووری عێراق و بهغدا دهگوزهرێ، عەلیاوەیی به گرینگی دهبینێت کورد یەکگرتوو بێت تا دەستکەوتی زیاتر بەدەست بێنێ، گوتیشی ''بەتایبەت یەکگرتنی پارتی و یەکێتی بەم دواییانە ھەنگاوێکی گرینگە بۆ ئەوەی ناو ماڵی کورد یەک بخرێت.. ھیوادارین ئەوانەی دیکەش بێنه پاڵیانهوه و یەکریزیی دروست بکەن و ھەماھەنگ بن.''
ئهو راوێژکارهی سەرۆککۆماری عێراق نهیشاردهوه كه، به هۆی ڕاگهیێندراوهكهوهی سەرۆکایەتیی کۆمارهوه لە یەکەم رۆژی خۆپێشاندانهكاندا كه داوای لە حکوومەتی عێراق کرد پارێزگاری لە خۆپیشاندەران بکرێت و توندوتیژی بەکار نەھێندرێت، ھەندێک لایەنی سیاسی پێیان وابوو سەرۆکایەتیی کۆمار پەلەی کردووە، بهڵام دوێنێیش بەیاننامەیەکی دیکەشی دەرکرد و ھەمان داواکاریی کردەوە، چونکە ''بارودۆخەکە زۆر خراپە.''
ئهو هۆشدارییشی دا له بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان و گوتی، ''ئەگەر دۆخەکە کۆنترۆڵ نەکرێت و داواکاریی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەکرێت، کارەسات لە عێراق روو دەدات.''
بڵند ئیبراھیم




