١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شارەزایان: خۆپیشاندانەکانی عێراق زەنگێکی مەترسیدارن و کاریگەریی لەسەر داھات دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

 
هەولێر -KDP.info-  چەند رۆژێکە خۆپیشاندانی بەرفراوان پارێزگاكانی بەسرە، نه‌جه‌ف میسان و كه‌ربه‌لا و به‌غدایشی گرتووتەوە. ھاووڵاتیان لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاری و بێکاری رژاونەتە سەر شەقامەکان و چاودێران ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ بە زەنگێکی مەترسیدار بۆسەر عێراق دەزانن.

بەرلە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، چاودێرانی رەوشی عێراق پێشبینیی تێکچوونی رەوشی عێراق و تەقینەوەی کێشەکانیان دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی ھاووڵاتیانی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بێھیوا بوون لەوەی حکوومەتی نوێ پێکدێت، ئیدی بەیەکجاری ھیوابڕاو بوون.
دکتۆر سەباح سوبحی پسپۆری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ھۆکاری خۆپیشاندانی ھاووڵاتیانی شارەکانی عێراق بۆ نەبوونی خزمەتگوزارییه‌ سه‌ره‌تییه‌كان دەگێڕێتەوە و، ده‌ڵێ به‌ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما خه‌ڵك زیاتر پێویستیان بە کارەبا و ئاو ھەیە و دەشڵێت "پێکنەھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق گوشارێکی دەروونی خستووه‌تە سەر تاکی عێراقی، چونکە ئێستا عێراق لە بۆشاییی یاساییدایە و کاریگەری لەسەر رەوشی وڵات پەیدا کردووە.''

خۆپیشاندانەکانی بەسڕە پەڕیوەتەوە بۆ شارەکانی دیکەی باشوور و لە ئەنجامی بەڕێوەچوونی شەپۆلی خۆپیشاندان لە چوار پارێزگای عێراق، سەرکردەکانی عێراق ھۆشداری لەدەستدەرچوونی رەوشەکە دەده‌ن و ھەر ئەوەش وایکرد سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای ئەوەی بە گەشتێک لە دەرەوەی عێراق بوو، بەپەلە بگەڕێتەوە و خۆی بگەیەنێتە شاری بەسڕە.
دکتۆر سەباحی سوبحی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "پێشتریش خەڵکی بەسڕە ئاماژەیان بەوەکردبوو شارەکەیان لە رەوشێکی نالەباردایه‌، چونکە زۆربەی داھاتی عێراق لەسەر پارێزگای بەسڕەیە، بۆ دەبێت ئەو ھەموو بیرە نەوتەی لە بەسڕە ھەبێت و خەڵکیش به‌ده‌ست نەبوونی کار و کارەبا و ئاو بناڵێنن، دیارە وڵاتانی دەوروبەریش دەستیان ھەیە لە پشێویەکانی ئیستای عێراق و دەیانەوێ رەوشەکە ئاڵۆز بکەن و دواتر ھەر خۆیشیان چارەسەری بکەن.''

بەسڕە بەھۆی پێگە ستراتیژییەكه‌یه‌وە دەرگایەکی گرینگی ئابوورییە بۆ عێراق، چونکە جگە لە دەوڵەمەندیی بەسڕە بە سامانی سەرزەوی و ژێر زه‌وی، دەکەوێتە سەر دەریا و بەندەری ئوم قەسر کە ئێستا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخراوە، دەروازه‌یەکی گرینگی ئابووریی نێوان عێراق و وڵاتانی جیھانە.
بەختیار عەبدولعەزیز شارەزای ئابووری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "بەسڕە گەنجینەی داھاتی ھەموو عێراقە لەسەر زەوی.. تاکە دەروازەی ئاوی دەکەوێتە سنووری بەسڕە و لەژێر زەوییش خەزێنەیەکی گەورەی نەوت و کانزا گرانبەھاکانە، لەبەر ئەوەش خەڵکی بەسڕە ئەگەر خۆپیشاندانیش ئەنجام بدەن مافی ئەوانە، لەبەر ئەوەی کەمترین خزمەتگوزاریی ژیانیان نییە.''
ئه‌و ده‌ڵێ، داخوازیی خۆپیشاندەران زۆر سادەن، چونکە ئەوان داوای دامەزراندن و ئاو کارەبا و نەوت دەکەن، ''حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق سەرەڕای چەندین بەڵێن ھیچیان جێبەجێ نەکردوون.. دەتوانم بڵێم دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، بەسڕە ھەروەک خۆی ماوەتەوە.''

به‌رده‌وامیی خۆپیشاندانەکانی شاری بەسڕە زیان دەگەیەنێ بە ئابووریی عێراق و دووریش نییە ببێتە ھۆی دارووخانی ئابووریی عێراق، چونکە دەروازەی ئوم قەسر داخراوە و کارکردن لە زۆربەی پڕۆژەکانی بەرھەمھێنان و ھاوردەکردنی نەوت راگیراوە، ھەر دوێنێ ھەینی لە ترسی بەرفراوانبوونی خۆپیشاندانەکان گەورەترین کۆمپانیا رووسیایی خۆی کێشایەوە و کارمەندانی بە فڕۆکە گەڕاندەوە وڵاته‌كه‌ی. شاره‌زایان وا ده‌لێن.

ئەو شارەزایەی ئابووری روونی کردەوە "ئاشکرایە ٨٣%ی داھاتی عێراق لە بەسڕەوەیە، ئەگەر بێت و حکوومەت و دەستەڵاتدارانی عێراق بە ده‌م داخوازیی خۆپیشاندەرانەوە نەچێت، ئەوا خۆپیشاندانەکان زۆر لەوەی ھەیە فرانتر دەبێت.''

بەختیار عەبدولعەزیز دەشڵێت "یەکێک لە ھەنگاوەکانی خۆپیشاندەران رێگریکردنە لە کۆمپانیاکانی نەوت، خۆ ئەگەر بێت و ئه‌وه‌یان بۆ سەربگرێت، ئەوا کاریگەریی زۆر مەترسیداری بۆسەر داھاتی عێراق دەبێت، کە تەنیا لەماوەی شەش مانگی رابردوودا ٤٠ ملیار دلاۆر داھاتی ھەبووە، خۆپیشاندانەکان کاریگەری لەسەر کورتھێنانی بودجەی گشتیی عێراق دەبێت و دواجار عێراق بەبێ ھاوردەکردنی نەوتی بەسڕە توانای خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی نامێنێ.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار