عارف قوربانی: وڵاتانی ئیقلیمی ڕێ نادەن بەو ئاسانییە حكوومەتی نوێی عێراق پێك بێت

سلێمانی-KDP.info- لە دوای هەڵبژاردنەكانی 12/5ی ئەمساڵەوە، دۆخی سیاسی ئەمنیی عێراق ناسەقامگیرتر بووە، ئێستایش کە ماوەی یاسایی خووڵی سێیەمی پەرلەمان تێپەڕێ، حكوومەت بووەتە كاربەڕێكەر و عێراق كەوتووەتە بۆشایی یاساییەوە. چاودێرێكی سیاسی دەڵێ، چونکە لایەنە نزیکەکانیان پاشەکشەیان کردووە، وڵاتانی ئیقلیمی ڕێگە نادەن بەو ئاسانییە حكوومەتی نوێی عێراق پێك بێت و، "پێشبینی دەكەم ڕەوشی ناوخۆی عێراق بەرەو خراپتر بڕوات لەوەی كە هەیە."
عارف قوربانی، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی، بەلەبەرچاوگرتنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12/5ی پەرلەمانی عێراق، کە دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراقی ئاڵۆز كرد و پێشبینی دەکات دۆخی سیاسی و ئەمنی لە عێراق ئاڵۆزتر بێت و، لێكدابڕان لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراقدا زیاتر ببێت.
دەوڵەتانی هەرێمی و دراوسێ ڕۆڵی كاریگەریان هەیە لە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراقدا و، لە ئێستایشدا ئەو هێزانەی ئامانجیان بوو لە حكوومەتدا بمێننەوە، دەنگیان لە هەڵبژاردنەكاندا نەهێناوە، لەوبارەوە عارف قوربانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وڵاتانی ئیقلیمی دەستی باڵایان هەبووە لە ناوخۆی عێراق و هەمیشە كاریان كردووە بۆ ئەوەی پەرە بە نفووزی خۆیان بدەن لە حكومڕانیی عێراقدا، بەڵام لەم هەڵبژاردنانەدا ئەو هێزانەی لێیان نزیك بوون، دەنگیان نەهێناوە، بۆیە ڕێگەش نادەن بەو ئاسانییە حكوومەتی نوێی عێراق پێك بێت و، پێشبینی دەكەم ڕەوشی ناوخۆی عێراق بەرەو خراپتر بڕوات لەوەی كە هەیە".
لە ئێستادا پەرلەمانی عێراق ماوەكەی بەسەر چووە و حكوومەتی عێراق بووەتە كاربەڕێكەر، بە هۆی بڕیاری دادگای فیدراڵیشەوە بەشێك لە دەنگەكان بە دەست دەژمێردرێنەوە و پەرلەمانی نوێیش ناتوانێت كۆ ببێتەوە، چونكە عێراق لە بۆشاییی یاسایی و دەستووریدایە، قوربانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "عێراق پەرلەمانی نییە، بۆیە حكوومەت دەبێتە حكوومەتی كاربەڕێكەر و چاودێریی بە سەرییەوە نەماوە، هەروەها خزمەتگوزارییەكان ئاستیان دابەزیوە و دۆخی عێراقیش بۆ ماوەیەكی درێژتر بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە".
سیاسی و لایەنەکان پێویستیی یەكگرتوویی كورد لە بەغدا بە گرینگ دەزانن و، ئەو چاودێرەش جەخت دەکاتەوە: "ئەگەر كورد بە پەرتەوازەیی بگەڕێتەوە بۆ عێراق، ئەوا زیان بەر تەواوی ئەو مافانە دەكەوێت كە مافی دەستووریی گەلەكەمانن، بۆیە پێویستە كورد بە یەك پاكێجەوە بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، لە كاتێكیشدا ئەگەر كورد دوو جەمسەر بوو، ئەوا پێویستە لە بەغدا لەسەر مافەكانی كورد یەكگوتار بن كە بە هۆی پەرتەوازەیی ناوماڵی عێراقی و ململانێی ئێران و ئەمەریكاوە، دەرفەت هاتووەتە پێشەوە كورد بتوانێت مافە دەستوورییەكانی بچەسپێنێت و هێزی كاریگەر بێت، ئەگەرنا عێراقیش سوود لە ناكۆكیی لایەنە كوردییەكان وەردەگرێت و زیاتر هەوڵ دەدات كوردستان گۆشەگیر بكات".
عارف قوربانی، ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا، بە گرینگ دەزانێت و دەڵێت: "ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی بۆ دانوستان لەسەر مافەكانی كورد لە عێراقدا گرینگە و، بەرپرسیارەتیی دەربازكردنی كوردستان لەم دۆخەدا، لە ئەستۆی هەردوو حیزبە، هەمیشەیش بە نزیكیی ئەم دوو حیزبە، تواندراوە دەستكەوتی باش بۆ كوردستان دەستەبەر بكرێت".
هێڤیار هەڵەبجەیی




