گرووپێكی دیكەی ھاوشێوەی داعش لە عێراق سەریهەڵداوە

هەولێر-KDP.info- بە ھۆی دەركەوتنیان و ئەنجامدانی چالاكیی تیرۆریستی، گرووپی تیرۆریستی داعش، ماوەی چەند رۆژێكە عێراق و ھاوپەیمانانی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە. مامۆستایەكی زانكۆ باوەڕی وایە، رێكخراوی دیكەی ھاوشێوەی داعش پەیدا دەبن.
داعش لە ساڵی ٢٠١٤ پەیدا بوو، وەك دڕەندەترین گرووپی تیرۆریستی توانی بەشێكی زۆری خاكی عێراق و سووریا داگیر بكات، ھێزە عێراقییەكانیش نەیانتوانی بەرگری بكەن و بووە ھۆی كەوتنی ژمارەیەك شاری عێراق.
دكتۆر محەممەد شاكر، مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "داعش لە بنەڕەتدا بنبڕ نەكرابوو، راستە ھیچ شارێكیان لە بەردەستدا نەبوو و بەشێكی زۆریان لەنێو چوون و كوژران و بەشێكی دیكە بەرەو سووریا چوون، بەڵام ناكۆكیی سیاسیی عێراق وای كرد جارێكی دیكە گرووپی تیرۆریستی داعش خۆی رێك بخاتەوە، بەھۆی ئەوەی لە ڕووی راگەیاندنەوە لاواز بوو، حكوومەتی عێراق بەو دواییە پشكی لە بابەتی داعش كرد و زۆر نەپرژایە سەر بەرەنگاربوونەوەی گرووپەكە، ئەوەش وای كرد، داعش بتوانێ ھێزی خۆی كۆ بكاتەوە و ھەندێ جووڵە بكات."
تا ئێستا ھیچ وڵاتێكی جیھان پاڵپشتی و ھاوسۆزیی ڕاستەوخۆی بۆ داعش نییە، بەڵام وەك شارەزایان باسی دەكەن، گرووپێكی مەترسیداری وەك داعش ئەگەر بە فەرمییش ھیچ وڵاتێكی لە پشت نەبێت، ئەوا لە ژێرەوە ھاوكارییان دەكرێت و بەكاریش دەھێندرێن.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ باوەڕی وایە، داعش وەك كۆمپانیایەك وایە و زۆر جار وڵاتانی زلھێز وەك كارتێكی گوشار بەكاری دێنن، زۆر جار دەوڵەتی گەورە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری، رێكخراوی داعش و ھاوشێوەی بەكار دێنن، بە تایبەتی ئێستا لە دەوروبەری كەركووك داعش چالاكە و ئەمەیش پەیوەندیی بەوەوە ھەیە كە گۆڕانكاری بكرێت.
دوای ئەوەی پێشمەرگە توانی گرووپی تیرۆریستیی داعش تێك بشکێنێ و ھەموو خاكی كوردستان كۆنتڕۆڵ بكاتەوە، ھێزە عێراقییەكانیش بە پاڵپشتیی پێشمەرگە توانییان داعش لە شارەكان وەدەر بنێن، بەڵام ھێزە عێراقییەكان نەیانتوانی پاشماوەی داعش لە ھەموو دەڤەرەكان راماڵن، دكتۆر محەممەد شاكر، كە براوەی هەڵبژاردنەكانە بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق، روونی كردەوە: "حكوومەتی ئێستای عێراق كاربەڕێكەرە و زیاتر چاوی ھەموو لایەنەكان لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانە، نەك لەنێو بردنی تیرۆریستان، بۆیە ئەگەر حكوومەتی نوێ دەستبەكار نەبێت، كاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر رەوشی ئەمنیی عێراق، چونكە بەلایەنی كەمەوە ئەگەر پێكھێنانی حكوومەتی عێراقیش دوا بكەوێت، ئەوە پێویستە پەرلەمان كۆ ببێتەوە، ئەگەر بێت و كابینەی نوێ پێك بێت، ئەوە زیاتر تەركیزی لەسەر بنەبڕكردنی داعش دەبێت".
زۆر لە چاودێرانی رەوشی عێراق وای بۆدەچن، ئەگەر گرووپی تیرۆریستی داعشیش لەنێو ببرێت، ئەوا گرووپ و تاقمی دیكەی تیرۆریستی پەیدا دەبن، شاكر ئەوەی پشتڕاست كردەوە و گوتی "بەڵێ پێشبینیی دروستبوونی گرووپی دیكەی تیرۆریستی دەكرێت لە عێراقدا، چونكە لە رێكخراوی قاعیدە، جەماعەتی زەرقاوی دروست بوو و لەوانیش گرووپی تیرۆریستیی داعش پەیدا بوو، رێكخراوی نوێی تیرۆریستی پێشبینیكراوە، لەبەر ئەوەی ھەموویان بە فۆڕمی جودا لە دایك دەبن، بەڵام ھەموویشیان یەك ئایدیا و ئایدۆلۆژیا و ئامانجیان ھەیە، داعش ئەگەر شكست بێنێ، دەكرێت لەناو و بەرگێكی نوێدا رێكخراوی دیكەی لێ دروست ببین".
شاكر، هەروەها زانیاریی نوێی لەبارەی دروستبوونی گرووپی تیرۆریستیی دیكەی لە عێراق ئاشكرا كرد و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "گرووپێكی دیكە ھەر لە ئێستاوە لە دەوروبەری كەركووك و ناوچەكانی دیكەی وەك خورماتوو پەیدا بووە بە ناوی سوننەوە، ئەوانیش ھەروەك داعشن، بەڵام بە فۆڕمێكی دیكەوە پەیدا بوونە".
قائید میرۆ




