تاریق گەردی: پێناچێ پەرلەمان تا دوو مانگی دی کۆببێتەوە
__2018_07_03_h16m4s58__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە پارێزگای کەرکووک دەست بە ژماردنەوەی دەنگی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرا و بە پێی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق ھەر سندووقێکی ھەڵبژاردن سکاڵای لەسەر بێت دووبارە دەنگەکانیان بەدەست دەژمێردرێنەوە.
پەرلەمانتارێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق پێی وایە، تا دوو مانگی دیکە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق دەستبەکار نابێت، چونکە چەندین ڕێکار ھەیە بۆ ئەوەی پەرلەمان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە ببات، ئەمە لەکاتێکدایە ھێشتا تازە ئەمڕۆ پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان دەستی پێ کردووە.
لەو بارەیەوە، دکتۆر تاریق گەردی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاری ھەژماردنەوەی دەنگی ھەڵبژاردانی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراق کارێکی ئاساییە و لە زۆر وڵاتی پێشکەوتووش ئەوە ڕووی داوە، چونکە عێراق ئەزموونی نەبوو لە سیستەمی زیرەک بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان، بەڵام بۆچوونی من وایە ئەگەر پڕۆسەی ھەڵاواردنی دەنگەکان بە دەستیش بکرێت، ئەوە ئەنجامەکان بە شێوەیەکی ئەوتۆ گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت و تەنیا گۆڕانکاریی ڕێژەیی دەبێت نەک وەک ئەوەی ھەندێ لایەن باسی دەکەن."
دادگای باڵای فیدڕاڵی دەستەیەکی دادوەرانی ڕاسپاردووە لەبری کۆمسیۆن ڕۆڵی بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان ببینێت و وەک ئاشکرایان کردووە لە ماوەی دە ڕۆژدا پڕۆسەی ژماردنی دەنگەکان کۆتایی دێت. پەرلەمانتارەکەی پێشووی عێراق دەڵێت: "پێم وایە مەرج نییە ئەو ماوەیەی دەستەی دادوەران دیاریان کردووە پڕۆسەکە کۆتایی بێت، چونکە ئەگەر لە ماوەی دە ڕۆژدا ژماردنەوەی دەنگەکان کۆتایی بێت، ئەوە ڕێکاری دیکەش ھەیە، بۆ نموونە، ئەنجامی بەراییی ھەڵبژاردن ڕادەگەیەندرێت دواتر دەستەی تەمیز سێ ڕۆژ دەرفەت دەدات بە لایەنەکان تانە لە پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان بدەن، ئەگەر لایەنێک سکاڵای ھەبوو، دواتر پێداچوونەوە بە سکاڵاکاندا دەکرێت و ڕەوانەی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەکرێن."
دکتۆر تاریق گەردی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێشبینی دەکرێت پڕۆسەکە دوو مانگی دیکە بخایەنێت، لەبەر ئەوەی دوای ڕێکارەکانی جیاکردنەوەی دەنگەکان، ئەنجامی کۆتایی ڕادەگەیەندرێت و دەبێت دادگای باڵای فیدڕاڵی پەسەندی بکات، قۆناغی دەستبەکاربوونی خولی چوارەمی پەرلەمانیش دوای ئەوە دێت دادگای باڵا سەرۆککۆمار ڕادەسپێرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی پازدە ڕۆژدا پەرلەمانی نوێ بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین پەرلەمانتار کۆ ببێتەوە."
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتاییی ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ڕابردوو ھەندێ ھەوڵ ھەبوون بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، بەڵام لایەنەکان دەستبەرداری ھەوڵەکانیان بوون و خەریکە لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ لە خاڵی سفرەوە دەست پێ بکەنەوە. دکتۆر تاریق گەردی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە تێپەڕاندنی ھەموو ئەو ڕێکارانەی ئاماژەم بۆ کرد ھەیە، ئەوەش وا دەکات ماوەیەکی زۆری پێویست بێت و ھەر ئەوەش ھۆکار بوو ئەو ھەوڵانەی لە سەرەتادا ھەبوون بۆ حکوومەتی نوێی عێراق کز بوونەتەوە و تا ئەنجامی کۆتاییی ھەڵبژاردن پەسەند نەکرێت ھیچ ھەولێکی ئەوتۆ نابێت بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ."
قائید میرۆ




