دەنگەکانی ٨٦ سندووق بە دەست دەژمێردرێنەوە

ههولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ژماردنەوەی دەستی بۆ دەنگی سندووقەکانی دەنگدان دەستی پێ کردووە و وەک سەرەتایش لە شاری کەرکووک دەبێت، بەپێی زانیارییەکانیش پرۆسەکە ١٠ رۆژ دەخایەنێت.
دوای ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ئەنجوومەنی نوێنەران، لایەنەکان سکاڵایان لەسەر هەندێ سندووق و بنکەی دەنگدان تۆمار کرد، بەو پێیەی گومانی ساختەکارییان لە پرۆسەکە هەبوو، دواتر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دا دەنگەکان بە دەست هەژمار بکرێنەوە، هاوکات ئەنجوومەنی دادوەری عێراقیش ٢٧ دادوەری بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکە دەستنیشان کردووە.
پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست ٧ پارێزگای عێراق دەگرێتەوە، کە هەریەکە لە کەرکووک، هەولێر، سلێمانی، دهۆک، ئەنبار، مووسڵ، سەڵاحەدینن.
بە گوتەی دادوەرێک، پڕۆسەی ژمارەدنەوەی دەنگەکان ٧ بۆ ١٠ رۆژی پێ دەچێت و راگەیاندنی ئەنجامەکەشی دەکەوێتە کۆتاییی ئەم مانگەوە، دوای تەواوبوونی پرۆسەکەش، دەتواندرێت تانە لەو ئەنجامەش بدرێتەوە، پێش دەچێت کاریگەری لەسەر رێژەی کورسیی لایەنەکان هەبێت.
ژماردنەوەی دەنگی دەنگدەران لە کەرکوک لە ٨٦ سندووقدا دەکرێت و، ئەگەر بێتو ئەنجامەکان هاوتا نەبن، ئەوا ژماردنەوەی دەنگەکان لە کۆی عێراق بەڕێوە دەچێت.
خێڵان بەختیار




