١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دەیان ئەمیری داعش لەلایەن حەشدەوە پۆستی حكوومییان پێ دراوە

سەرچاوە: KDP.info

 

مووسڵ- KDP.info- سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌مووسڵ دەڵێ، ھۆكاری بەھێزبوون و سەرھەڵدانەوەی داعش لە مووسڵ، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حەشدی شەعبی، پۆستی حكوومیی بە دەیان ئەمیر و چەكداری داعش داوە و بردوونی بۆ نێو ریزەكانی خۆی، ئەمەیش وای كردووە داعش بە بەهێزی دەربكەوێتەوە.

لە دوای رزگاركردنی مووسڵ و بە تایبەت دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، حەشدی شەعبی دەستی بەسەر مووسڵ و دەشتی نەینەوادا گرت و بەردەوام دەستدرێژی دەكاتە سەر خەڵكی مووسڵ و پێكھاتەكان، هەروەها بۆ زیادكردنی نفووزی خۆی لە ناوچەكەدا، تیرۆریستانی داعش دەباتە ریزەكانی خۆی و ھاوكارییان دەكات، ئەمەیش وای كردووە جارێكی دیكە داعش سەر ھەڵبداتەوە و بەھێز ببێتەوە.

 كارگێڕی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ، سدیق سەعدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "داعش بە شێوەیەكی چالاك لە مووسڵ ماوە و كۆتایی پێ نەھاتووە، حەشدی شەعبییش جارێكی دیكە ئەوانەی كە داعش بوونە، لەناو دامودەزگا حكوومییەكانی مووسڵ بەرپرسیارەتیی پێ داون، بۆیە ئێستا بە دەیان ئەمیر و چەكداری داعش لەناو فەرمانگەكانی مووسڵ پۆستیان پێ دراوە، ئەمەیش وای كردووە جارێكی دیكە داعش سەر ھەڵبدەنەوە و ھێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبییش لە ئاست سەرھەڵدانەوەی داعشدا، بێدەنگن، چونكە خۆیان پشتگیرییان دەكەن".

سەعدی گوتیشی: "دەتوانم بە دەیان نموونە بێنمەوە كە داعشەكان لە مووسڵ لەناو زانكۆكان و فەرماندەییەكانی حەشدی شەعبی كار دەكەن و نیوەی هێزی ئەمنی نیشتیمانیی حەشدی شەعبی، داعش بوونە، ئەمەیش سیاسەتی حكوومەتی عێراقە، بۆ ئەوەی دەستەڵات لە مووسڵ لە دەست كورد و سوننەدا نەبێت و خۆیان بەسەر ئەو شارەدا بسەپێنن".

كارگێڕی لقی ١٤ی پارتی، هەروەها باسی لەوەش كرد: "لە دەشتی نەینەوا دوو لیوای حەشدی شەعبییان داناوە كە ژیانیان بۆ خەڵك نەھێشتووە، ئەوانیش لیوای حەنین قەدۆ و لیوای رەیان كلدانین، بۆیە ئێستا شیعەكان مووسڵ بەڕێوە دەبەن و دۆخەكەیش رۆژ بەرۆژ بەرەو خراپتر دەچێت و داعشیش جارێكی دیكە سەری ھەڵداوەتەوە".

لای خۆشیەوە، سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بەرەكات شەمۆ، ئەو ھەواڵەی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان پشتڕاست كردەوە و گوتی: "كەسانی داعش لە شاری مووسڵ پۆستیان پێ دەدرێت و بۆ نموونەیش بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی مووسڵە كە پۆستەكە پێشتر كەسێكی مەسیحی و دڵسۆز بەرێوەی دەبرد، بەڵام لایان داوە و داعشێكیان لە شوێنی داناوە، بۆیە ئێمەیش ئەوەمان رەت كردووەتەوە و داوامان كردووە گۆڕینی ھەر بەڕێوەبەرێك، پێویستە لە رێگەی ئەنجوومەنەوە بێت، بۆیە لەمەودوا ھەر گۆڕانكارییەك بكرێت، پێویستە پارێزگا ٣ كاندید بۆ ئێمە رەوانە بكات و ئێمەیش كەسێك ھەڵدەبژێرین".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار