موحسین سەعدوون: دادگای فیدراڵی و دەستەی دەستپاكی، دەتوانن چاودێریی حكوومەت بكەن

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، لە ئەمڕۆوە عێراق دەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە و پەرلەمان چیتر ناتوانێ چاودێریی حكوومەت بكات، بەڵام تا خولی نوێ، پەرلەمان دەست بەكار دەبێت، دادگای فیدراڵی و دەستەی دەستپاكییش، دەتوانن چاودێریی كارەكانی حكوومەت بكەن.
چەند رۆژێك لەمەوبەر، پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی ئەوە بوو كە تەمەنی خۆی درێژ بكاتەوە، بەڵام دوێنێ كۆتاڕۆژی پەرلەمان بوو و نەیتوانی تەمەنی خۆی درێژ بكاتەوە و كۆتایی بە كاری پەرلەمان ھات، بەمەیش لە ئەمڕۆوە بۆشایی یاسایی لە عێراق دروست بوو بۆ یەكەم جار لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، چونكە تاوەكو ئێستا خولی نوێی پەرلەمان نەیتوانیوە دەستبەكار بێت.
موحسین سەعدوون، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پەرلەمانی عێراق نەیتوانی تەمەنی خۆی درێژ بكاتەوە، لەبەر ئەوەی نایاسایی و نادەستووری بوو، بۆیە لە ئەمڕۆوە دەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە و چیتر پەرلەمان ناتوانێ چاودێریی كارەكانی حكوومەت بكات و ھیچ رۆڵێكی نامینێت، هەروەها عێراق لە بۆشایی یاسایی بەردەوام دەبێت تاوەكو خولی نوێی پەرلەمان دەستبەكار دەبێت، لە كاتێكدا پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بە دەست، ھێشتا دەستی پێ نەكردووە و ئەمەیش كاتی زۆری پێویستە".
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: "بۆ ئەوەی چاودێریی كارەكانی حكوومەت بكرێت، تەنیا رێگایەك ھەیە، ئەویش دادگای فیدراڵی و دەستەی دەستپاكی چاودێریی كارەكانی حكوومەت بكەن و، لە ھەر شوێنێك ھەڵەیەك یاخود كارێكی نایاساییان بینی، دەتوانن سكاڵا لەسەر حكوومەت تۆمار بكەن و ئەو بۆشاییەی دروست بووە، پڕی بكەنەوە".
ھۆكاری دروستبوونی ئەو بۆشاییە یاساییە، خودی پەرلەمان بوو، چونكە بەشێكیان لە ھەڵبژاردن سەر نەكەوتن و یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان ھەموار كردەوە و تێیدا داوایان كرد كە دووبارە دەنگەكان بە دەست ھەژمار بكرێنەوە، ئەمەیش بووە ھۆی ئەوەی خولی نوێی پەرلەمان نەتوانێت دەستبەكار بێت و بۆشایی یاسایی دروست بوو.
بڵند ئیبراھیم




