١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

عەبدولحەكیم خەسرۆ: ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق روو دەدات، لە هیچ وڵاتێكدا رووی نەداوە

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- نزیكەی ١٤٠ پەرلەمانتار واژۆیان بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق كردووە تا وادەی خۆی درێژ بكاتەوە و، پسپۆڕێكی زانستە سیاسییەكانیش دەڵێ، لە دنیادا نەبووە دوای ھەڵبژاردن پەرلەمان كۆ ببێتەوە و یاسا ھەموار بكاتەوە.

ھەوڵەكانی بەشێك لە كۆتلەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بەردەوامن و، بڕیارە رۆژی شەممەی دابێ جارێكی دیكە پەرلەمان كۆ ببێتەوە بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسایەك كە لەلایەن لیژنەی یاساییەوە ئامادە كراوە و تێیدا داوای درێژكردنەوەی تەمەنی ئەم خۆلەی پەرلەمانی كردووە.

لەوبارەیەوە، دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرۆ، پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان و شارەزای دەستوور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بڕیاریان داوە رۆژی شەممەی دابێ كۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوە بچێت بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، بێگومان ھەنگاوەكەی پەرلەمانی عێراقیش پێچەوانەی دەستوورە".

خەسرۆ روونی كردەوە: "لەبارەی تەمەنی پەرلەمانەوە، پرسیار لە دادگای فیدڕاڵ كراوە و لە وەڵامدا دادگا رایگەیاندووە كە تەمەنی پەرلەمانی عێراق تا ١ی مانگی داھاتووە، واتە چوار رۆژی دیكە كۆتایی بە تەمەنی خۆلی ئێستای پەرلەمانی عێراق دێت".

ماوەی زیاتر لە ساڵێكە چەندین پڕۆژەیاسا و بڕیار بە زۆرینە لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێندراون و بەشێكی زۆری ئەو پڕۆژانە پێچەوانەی دەستوور و سازان و ئەو شەراكەتە بوون كە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە. ئەو پسپۆرەی زانستە سیاسییەكان دەڵێت: "بە ھیچ شێوەیەك یاسایی نییە پەرلەمان دوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردن كۆ ببێتەوە و لە دنیادا نەبووە ھەڵبژاردن بكرێت و دواتر پەرلەمان كۆ ببێتەوە و یاسای ھەڵبژاردنەكان ھەموار بكاتەوە، ئەمە بۆ جاری یەكەمە لە عێراق روو بدات و پێچەوانەی دەستوورە".

پەیوەست بە دروستبوونی بۆشایی یاسایی دوای ٣٠ی ئەم مانگە، دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرۆ ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "حكوومەت بەردەوام دەبێت لە كارەكانی تا كابینەی نوێ پێك دێت و ھیچ كێشەی تێدا نییە، بابەتی بۆشایی یاسایی زۆر لە قەبارەی خۆی گەورەتر كراوە، باشە ئەگەر بۆشایی یاسایی دروست نەببوو پەرلەمان چی كردووە، ئەوكاتەی پەرلەمان كارا بوو ھیچی نەكرد، ئێستا چی پێ دەكرێت؟".

 

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار