نەجیبە نەجیب: پەرلەمانی عێراق بۆ دوو مەبەست دەیەوێت تەمەنی خۆی درێژ بكاتەوە
__2018_02_11_h17m41s20__HK.jpg)
بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێ، ئەو پەرلەمانتارانەی دەیانەوێت تەمەنی پەرلەمان درێژ بكەنەوە، دوو مەبەستیان ھەیە، یەكەم دەیانەوێت بەردەوام بن لە وەرگرتنی ئیمتیازاتی پەرلەمانتاری و، دووەمیش لەبەر ئەوەیە نەبوونەتەوە پەرلەمانتار و دەخوازن بەردەوام بن، بۆ ئەوەی كاریگەرییان لەسەر پرۆسەی سیاسی ھەبێت.
پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان كردووە و بڕیارە رۆژی پێنجشەممە پەسەند بكرێت، دادگای فیدراڵییش لە نوێترین بڕیاری خۆیدا لەبارەی ئەو ھەوڵەی پەرلەمانەوە، باسی لەوە كردووە كە درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان، نایاسایی و نادەستوورییە.
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، موحسن سەعدوون، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دادگای فیدراڵی رای خۆی لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان داوە، كە كاری پەرلەمان نییە و نایاسایی و نادەستوورییە، ئێمەیش وەك فراكسیۆنی پارتی دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانین، ھەر بۆیە لە كۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەدا كە بۆ دەنگدانە لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایەوە، دەنگی پێ نادەین".
سەعدوون گوتیشی: "پەرلەمانی عێراق مكوڕە لەسەر ئەوەی كە ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بكات و تەمەنی پەرلەمان درێژ بكاتەوە، بەڵام رۆژی پێنجشەممە ئەو پرسە یەكلا دەكرێتەوە، چونكە ئەوان پێیان وایە پێویستە پەرلەمان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی چاودێریی حكوومەت بكات تاوەكو پەرلەمانی نوێ دەستبەكار دەبێت".
لای خۆشیەوە، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی، نەجیبە نەجیب، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "پەرلەمانی عێراق بۆ دوو مەبەست دەیەوێت تەمەنی پەرلەمان درێژ بكاتەوە، ئەوانیش بۆ ئەوەی ئیمتیازاتی پەرلەمانتارییان بەردەوام بێت و لێی بێبەش نەبن و ئەوەی دیكەیش دەزانن كە دەرنەچوونە و كۆتایی بە كاریگەریی ئەوان دێت لە پرۆسەی سیاسیدا، بۆیە تەمەنی پەرلەمان درێژ دەكەنەوە بۆ ئەوەی شەرعییەت بە خۆیان بدەن و كاریگەرییان لە پرۆسەی سیاسیدا بەردەوام بێت، چونكە نە سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی، نەبوونەتەوە پەرلەمانتار و كۆتایی بە كاری ئەوان دێت".
نەجیب گوتیشی: "بڕیارە لە چوارچێوەی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا، جارێكی دیكە دەنگ لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بدرێت، دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی لەسەری دا، بۆیە ئەگەر خاڵی ڕەتكردنەوەی ھەڵوەشاندنەوەی دەنگی پێشمەرگە و تایبەت و ئاوارەكان بخرێتە ناوییەوە، ئێمەیش بەشداری دەكەین و دەنگی بۆ دەدەین، بەڵام بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەنگ نادەین".
كۆتایی ئەم مانگە، وادەی یاسایی پەرلەمانی عێراق كۆتایی دێت و، تاوەكو ئێستادا پەرلەمانتارانی نوێ لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسەند نەكراون و چاوەرێی ئەوە دەكرێت دەنگەكان بە دەست بژمێردرێنەوە، كە هێشتا دەستی پێ نەكردووە.
بڵند ئیبراھیم




