١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"دوای ٧ی ئێوارە دەست بە ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان دەکرێت"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی لە عێراق بڕیاری پەرلەمانی عێراقی بۆ ھەژمارکردنەوەی دەنگەکان بەدەست پەسەند کرد و پسپۆڕێکی یاساش پێی وایە، تا بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت عێراق دەکەوێتە بۆشاییی یاساییەوە.

 

بە پێی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان پەرلەمانی عێراقە و دوای کاتژمێر ٧ی ئێوارە دەست بە ھەژمارکردنی دەنگەکان دەکرێت. د. وەعدی مزووری، پسپۆڕی یاسا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاری دادگا مانای ئەوە دەگەیەنێت، ئەمڕۆ کە بڕیارەکە دەرچووە، ١٢ی ئایارە و کاتژمێر ٧ی ئێوارەیە و پڕۆسەی دەنگدان بۆ پەرلەمانی عێراق کۆتایی ھاتووە، قۆناغی ھەژمارکردنی دەنگەکان دەست پێ دەکات، ئەو دەستەیەی دادوەران کە لە شوێنی ئەنجومەنی کۆمسیاران دیاری کراوە، دەست بە کارەکانی دەکات بۆ ھەژمارکردنی دەنگەکان بە دەست، بەو پێیەش ئەنجامی پێشووی ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایار ھەڵدەواسرێت و ھەژمار ناکرێت تا ئەنجامی نوێ دەردەچێت."

 

ئەو پسپۆڕەی یاسا پێی وایە: "بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ھەموو کێشەکانی ھەڵبژاردن چارە ناکات و چەندین کێشەی دیکە ھەن. لەوبارەیەوە، مزووری دەڵێت: "ئەو ماوەیەی لەبەردەستە دەستەی دادوەران ناتوانن دەنگەکان ھەڵاوێرد بکەن، چونکە ئاشکرایە چەند ڕۆژێکی کەم لەبەردەستە و ماوەی یاساییی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت و لە دوای ٣٠/٦/٢٠١٨، عێراق دەکەوێتە بۆشاییی یاساییەوە. لەبەر ئەوەش تا کۆتاییی مانگ پڕۆسەکە یەکلا ناکرێتەوە."

 

نەدا مێرگەسۆری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ڕاستە دادگا ئاشکرای کردووە لە ماوەی دە ڕۆژدا ھەژماردنەوەی دەنگەکان کۆتایی دێت، بەڵام ئێمە پێشبینی دەکەین کاتی زیاتری پێویستە و بەوەش عێراق دەکەوێتە بۆشاییی یاساییەوە، چونکە پێویستی بە وردەکاریی زۆر ھەیە و لە سەرتاسەری عێراق دەنگەکان ھەژمار دەکرێنەوە، ئەگەر تا ٣٠ی ئەم مانگە کۆتایی بە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان نەیەت، زیانی گەورە بە پڕۆسەی سیاسی و پەرلەمانی دەگەیەنێت."

 

لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیشەوە، مێرگەسۆری ڕەتی کردەوە، ھیچ دەرچەیەکی یاسایی و دەستووری بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خۆلەی پەرلەمانی عێراق ھەبێت و گوتیشی: "ھیچ پاساوێکی یاسایی و دەستووری نییە تا پەرلەمان بتوانێت تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ و یاسای پەرلەمانی، پەرلەمان ناتوانێت تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، دەستووریش ھیچ ئاماژەیەکی بۆ نەکردووە."

 

د. وەعدی مزووری ڕوونی کردەوە: "عێراق بەرەو دواڕۆژێکی ناڕوون دەچێت و ھەر بڕیارێکیش لەمەودوا دەربکرێت ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، چونکە زۆر بڕیاری پێچەوانەی دەستوور و یاسا دەرکران و عێراق دەکەوێتە بۆشاییی یاساییەوە. کێشەیەکی دیکەش بۆ ئەنجامی ھەڵبژاردانەکانی عێراق پەیدا بووە، ئەویش سووتانی سندووقەکانی ناوچەی ڕەسافەی بەغدایە و دەبێ دادگا بڕیار بدات چارەنووسیان چی دەبێت ئایا ھەژمار دەکرێن، یان نا."

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار