١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سەرۆكایەتیی كۆمار تانەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دا

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق بە فەرمی لە دادگای فیدراڵی تانەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دا، كە لە لایەن پەرلەمانەوە هەموار كرایەوە.

 

پەرلەمانی عێراق، یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ ساڵی ٢٠١٨ بۆ سێیەم جار ھەموار كردەوە و بە پێی ھەموارەكەیش بڕیاری داوە، دەنگدانی تایبەت و دەرەوە و ئاوارەكان ھەڵبوەشێندرێنەوە و دەنگەكانی ھەموو عێراقیش بە دەست ھەژمار بكرێنەوە، ئەمەش ناڕەزایەتیی توندی لایەنەكانی لێ كەوتەوە، چونكە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی دەنگەكان، نایاسایی و نادەستوورییە.

 

فەرهاد عەلائەددین، ڕاوێژكاری یاساییی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی ئەو كێشەیەی لەبارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە دروست بووە، چارە بكرێت، پێش چەند ڕۆژێكیش هەموو لایەنەكانی كۆ كردەوە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێگەچارەیەك".

 

عەلائەددین گوتیشی: "ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق بە فەرمی لە دادگای فیدراڵی تانەی لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان دا، چونكە پرۆسەكە نایاسایی و نادەستووری بووە و بەو شێوەیە چارەی كێشەكان ناكرێت".

 

ئەو ڕاوێژكارە باسی لەوەش كرد: "داوامان كردووە كار بە یاسای كۆن بكرێت و ئەنجامەكان وەك خۆی لێ بێتەوە، نەك ئەوەی پەرلەمان داوای كردووە، كە نایاسایی و نادەستوورییە، لەبەر ئەوەی ناكرێت دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكان و دەرەوە هەڵبوەشێندرێتەوە، چونكە پێشمەرگە ڕۆڵێكی گەورەی لە شەڕی داعشدا دیتووە و ناشێ هەروا بە سانایی دەنگیان هەڵبوەشێندرێتەوە".

 

عەلائەددین دەشڵێ: "هەموو لایەنەكان چاوەڕێی ئەنجامی دادگا دەكەین، بۆ ئەوەی بزانین چ بڕیارێك دەدات".

 

بڵند ئیبراهیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار