مووسڵ.. رێكخراوه جیھانیهكان لهبهر حەشدی شهعبی، ناتوانن پڕۆژهكانیان جێبەجێ بكەن

مووسڵ-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ گوتی، چەندین رێكخراوی جیھانی بڕیاریان داوە دەشتی نەینەوا و شنگال ئاوەدان بكەنەوە، بەڵام بە ھۆی نەبوونی ئەمنیەت و بوونی حەشدی شەعبییەوە، ناتوانن ھیچ خزمەتگوزارییەك پێشكەشی ئەو ناوچانە بكەن.
چەندین رێكخراوی جیھانی بڕیاریان داوە خزمەتگوزاری پێشكەش بەو ناوچانەی عێراق بكەن كە بە ھۆی شەڕی داعشەوە خاپوور بوونە، لەوانە ئاژانسی ئەمەریكا بۆ بووژانەوەی نێودەوڵەتی، بڕیاری داوە بۆ شەش پارێزگای عێراق خزمەتگوزاری دابین بكات، لەوانە مووسڵ بە بڕی ١٦٠ملیار دۆلار، كە لە ماوەی پێنج ساڵدا خزمەتگوزاری پێشكەش بكات، جگە لەوەش پارێزگای مووسڵ یادداشتێكی لێكتێگەییشتنی لەگەڵ زانكۆیەكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا واژۆ كردووە كە بەنیازن چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەدەشتی نەینەوا ئەنجام بدەن.
سەیدۆ چەتۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "چەندین رێكخراوی جیھانی ئامادەییان نیشان داوە بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی لە سنووری مووسڵ لەسەر دەستی داعش خاپوور بوونە، ئاوەدان بكرێنەوە، لەوانە ئەمەریكا چەندین پڕۆژەی پێشكەش كردووە كە لە دەشتی نەینەوا لە ناوچەكانی تلكێف و ئەلقووش و حەمدانییە تا دەگاتە شنگال جێبەجێیان دەكات و، بڕیارە لە كارنامەی كۆبوونەوەی دابێی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵیشدا، یەكێك لە خاڵەكانی باسكردن لەو پرسە بێت".
لەبارەی جێبەجێنەكردنی ئەو پڕۆژانە لەلایەن ئەمەریكا و رێكخراوە جیھانییەكانەوە، چەتۆ گوتی: "بە ھۆی نەبوونی ئەمنیەت و حەشدی شەعبییەوە لەو ناوچانە، ئەو رێكخراوانە و ئەمەریكایش ناتوانن ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بكەن، بەڵام ئەگەر ئەمنیەت ھەبێت لە ماوەیەكی كەمدا ناوچەكە ئاوەدان دەكرێتەوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، باس لە ھاتنی ھێزی ئەمەریكا دەكەن بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم و، ئەگەر ئەو ھێزە بێتە ناوچەكە، ئەوكات ئەمنیەتی بۆ دەگەڕێتەوە و ئەو رێكخراوانەیش بە ئازادانە كاری خۆیان دەكەن.
حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا و شنگال بووونیان ھەیە و، ئەوان لەوێ دەستەڵاتدارن و بەردەوامیش پێشێلكاری بەرانبەر بە پێكھاتەكان دەكەن، لەوانە ئێزدی و شەبەك و مەسیحی و چەندین جاریش بە فەرمی داوای دەركردنی ئەو ھێزانە كراوە، بەڵام ھەر ماون و بەردەوامیشن لە پێشێلكاری.
بڵند ئیبراھیم




