حەشد، پارەی ئەو كەسانەی بڕی كە پێش ھەڵبژاردنەكان پێی دەدان
__2018_05_14_h15m25s13__ER.jpg)
مووسڵ-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی لە دەشتی نەینەوا گوتی، حەشدی شەعبی پێش ھەڵبژاردنەكان خەڵكێكی زۆری بۆ خۆی كڕیبوو، كە مانگانە ٥٠ هەزار دیناری پێ دەدان، بەڵام لە دوای كۆتاییھاتنی ھەڵبژاردنەكانەوە، پارەكەی لێیان بڕیوە و ئەوانیش وازیان لە حەشد ھێناوە.
حەشدی شەعبی، لەم ھەڵبژاردنەدا لە سنووری دەشتی نەینەوا، ھەڕەشەی لە خەڵك دەكرد ئەگەر دەنگی پێ نەدەن سزایان دەدات، جگە لەوەش پارەیەكی زۆریان دەدایە خەڵك تاوەكو بتوانن دەنگ بە دەست بێنن، دواجار بە ھۆی ئەو ھەڕەشانە و خەرجكردنی پارەیەكی زۆر، توانییان لە مووسڵ كورسی بە دەست بێنن.
یەڵدا شەموئێل، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تلكێف و كەسایەتیی دیاری مەسیحیی دەشتی نەینەوا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێش ھەڵبژاردنەكان، حەشدی شەعبی عەرەبێكی زۆری كڕیبوو بە پارە و مانگانە ھەر كەسەو ٥٠ هەزار دیناری پێ دەدان، كە بەشێك لەوانە كاتێ خۆی چەكداری داعش بوونە و تاوەكو ھەڵبژاردن كرا ھەموو مانگێك پارەی پێ دەدان، بەڵام دوای ئەوەی كورسیی بە دەست ھێناوە و ھەڵبژاردن تەواو بوو، پارەی ھەمووانی بڕیوە، بۆیە ئەو خەڵكەیش ھەمووان پۆل پۆل ڕیزەكانی حەشدی شەعبی جێ دەهێڵن، چونكە زانییان حەشدی شەعبی تەنھا بۆ دەنگدان پارەی بە ئەوان داوە".
شەموئێل گوتیشی: "حەشدی شەعبی ژمارەیەكی زۆری عەرەبەكانی دەوروبەری تلكێفی بە مەبەستی بەعەرەبكردن ھاوردەی ناو تلكێف كردووە و لە خانووی مەسیحی و كوردەكاندا نیشتەجێی كردوون، رێگەیش بە كورد و مەسیحییەكان نادات بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، كە تاوەكو ئێستا نزیكەی ٤٠٠خێزانی عەرەب ھاوردەی تلكێف كراون".
لە دەشتی نەینەوا، چەندین پێكھاتەی جیاواز ھەن، وەكو شەبەك و عەرەب و كورد و مەسیحی و ئێزدی، حەشدی شەعبییش بەردەوام ستەم لەو پێكھاتانە دەكات، بۆیە تاوەكو ئێستا بەشێكی زۆری ئەو خەڵكە كە لە ترسی داعش ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بوون، نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
بڵند ئیبراھیم




