عێراق لەبەردەم شەڕێکی نێوخۆییدا

بەغدا-KDP.info- بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق و پەسەندكردنی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، كاردانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا ھێنا. چاودێران پێیان وایە، ھەنگاوەكەی پەرلەمان، رەوشی عێراق زیاتر ئاڵۆز دەكات و پەل بۆ شەڕی ناوخۆ دەكێشێ.
بڕیارەكانی پەرلەمان، عێراق بەرەو شەڕێكی ناوخۆیی دەبات
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، پەرلەمانی عێراق لە كۆبونەوەی خۆیدا بە دەنگی ١٧٣ پەرلەمانتار متمانەی لە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراقی وەرگرتەوە و، بڕیاری دەركرد بۆ ھەژماكردنەوەی کۆی دەنگدانی ھەڵبژاردنی ١٢ی مانگی رابردوو بە دەست.
ھێمن میرانی، مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی، لەبارەی بڕیاری پەرلەمانی عێراقەوە، بۆ مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، "دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان، دەرگایەكی نوێی بەسەر پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا كردووەتەوە كە دەرگایەكی باش یان خراپ، جارێ دیار نییە، چونكە ئەنجامەكانی ئەو ھەنگاوە بڕیاری لێ دەدەن، سەدا سەد ھەژماركردنی دەنگی ھەڵبژاردن لەلایەن دادوەرانەوە لە بری كۆمسیاران، ئەم ھەنگاوە یان پڕۆسەی سیاسیی عێراق راست دەكاتەوە و لایەنە نیگەرانەكان لە ساختەكاری ئاشت دەكاتەوە، یانیش ئەوەتا عێراق دەخاتە بەردەم بازنەیەكی دیكەی توندوتیژیی ناوخۆیی."
"بەپێی ئەو زانیاریانەی لە بەردەستن، ئەمڕۆ ئاڕاستە لەپێش پڕۆسەی سیاسییە لە عێراقدا، ئەگەر بێت و قەبارەی قەوارەكان بە تایبەتی لەنێو ماڵی شیعە گۆڕانكاری بەسەردا بێت، ئەوە لەوانەیە ببێتە ھۆی پێكدادانی چەكداری"، ئەمە بۆچوونی مەسعوود حەیدەر، پەرلەمانتاری کوردە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
حەیدەر هاوکات بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراقی بە مەترسی ناو دەبات بۆ سەر رەوشی عێراق.
ھێمن میرانی، ھاوڕایە لەگەل بۆچوونەكەی مەسعوود حەیدەری پەرلەمانتار و پێی وایە، "روودانی شەڕ یەكێكە لە بژاردەكان، چونكە یەكترقبووڵكردن لە عێراقدا نەبووەتە كولتوور، ئەمە رەوشێكی نوێ دێنێتە كایەوە كە رەنگە ھەندێ ریزبەندی بگۆڕدرێن، بەڵام ئایا قبووڵ دەكرێن؟ ھێشتا ئەوەیان دیار نییە".
یاسا رۆڵی چی دەبێت؟
لە زۆر بابەتدا كە ھێزە دەستەڵاتدار و خاوەن پێگەكانی عێراق دەگەنە بنبەست لە بارەی كێشەیەكەوە، پەنا بۆ دادگای باڵای فیدڕاڵ دەبەن و دەستوور دێتەوە نێو باس، بەڵام ئایا دەستوور وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت یانیش بەپێی بەرژەوەندی كار لەسەر دەستوور و یاسا دەكرێت؟، وا ماوەی نزیكەی مانگێك تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و بڕیاریش وایە كۆتایی ئەم مانگە، كۆتایی بە خوولی پەرلەمانیش بێت.
جەعفەر مووسەوی، گوتەبێژی موقتەدا سەدر، سەرۆكی رەوتی سەدر، لەبارەی بڕیاری پەرلەمانی عێراقەوە، بە مێدیا عێراقییەكانی راگەیاندووە: "ھەنگاوەكەی پەرلەمان پێچەوانەی ماددەی ١٩ی دەستووری عێراقە كە ئاماژە بو گەڕانەوە بۆ دواوە دەكات، لەبەر ئەوەش دەستوور و یاسا پێشێل كراون، چونكە یاسا پەسەندكراوەكەی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمان، پێچەوانەی دەستووری عێراقە".
لای خۆیشییەوە، یاساناسی دیاری عێراقی، تاریق حەرب، لە لێدوانێكیدا ئاماژەی داوە: "یاسا ھەمواركراوەكەی پەرلەمانی عێراق دەچێتە واری جێبەجێكردن و پێویستی بە دەستەڵاتی دادوەر نییە، چونكە یاساكە ھەبووە و ھەموار كراوەتەوە، لەبەر ئەوەی دادگا ھەڵینەوەشاندووەتەوە تا بۆ ئەو بگەڕێتەوە، كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق و ئەو پەرلەمانتارانەی زیانیان بەردەكەوێت، مافی تانەیان ھەیە لە یاسای ھەمواركراوی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا دادگای فیدڕاڵی ھیچ یاسایەكی بە تەواوەتی رەت نەكردووەتەوە".
بەڵام هەرچی دكتۆر تاریق گەردی، شارەزای یاسایی و پەرلەمانتاری عێراقە، بۆچوونی جیاوازتر لە حەربی هەیە و دەڵێ، ئەگەر تا حەفتەیەكی دیكە ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنەكانی عێراق یەكلا نەكرێتەوە و دادگا پەسەندی نەكات، کەواتە پێچەوانەی دەستووری عێراقە.
گەردی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ : "بەپێی دەستوور و یاسا، پێویستە تا ١٥ی ئەم مانگە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی عێراق لەلایەن دادگای فیدڕاڵەوە پەسەند بكرێن و لە ماوەی پازدە رۆژدا سەرۆككۆمار پەرلەمانی نوێ رابسپێرێت بۆ یەكەم كۆبوونەوە، چونكە لە ٣٠/٦/٢٠١٨ ئەم خوولەی پەرلەمانی عێراق كۆتایی دێت و پێویستە لە یەكی مانگی دابێ، پەرلەمانی نوێ دەستبەكار بێت، بەڵام ئەگەر یەكلا نەكرێتەوە، ئەوە پێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراقە".
ھەموو پێشبینییەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی كە، ئەو بابەتە بە ئاسانی تێناپەڕێت و عێراق دەخاتە رەوشێكی مەترسیداری نادیارەوە، چونكە ھیچ نیەتێك دیار نییە بۆ ئەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردن بەو ئاسانییە پەسەند بكرێت و حكوومەتی نوێی عێراقیش لەدایك ببێت.
قائید میرۆ




