پسپۆڕێکی سۆسیۆلۆژیای بەراوردەئاینییەکان: نێوماڵی شیعەی سیاسی کێشەی تێکەوتووە؛ دۆخەکە سەخت بووە

هەولێر-KDP.info- دوای ئاشکراکردنی دەرەنجامی هەڵبژاردن، کێشە لە نێوان شیعە و شیعە تا دێ قووڵتر دەبێتەوە و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردەنەکانیش هۆشداریی دروستبوونی شەڕی ناوخۆی دا، پسپۆڕێکی سۆسیۆلۆژیای بەراوردەئاینییەکانیش، هاتنەئارای دۆخێکی قورس بەدوور نازانێ.
ئەنجامی خوولی چوارەمی هەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراق ململانێکانی نێوان شیعە و شیعەی تۆختر کردەوە، ئەویش بەوپێیەی لیستی سائیروون کە موقتەدا سەدر سەرۆکایەتیی دەکات و لەسەر ئاستی عێراق ٥٤ کورسیی بەدەست هێناوە، وەک خۆی بانگەشەی بۆ دەکات دەیەوێت عێراق لە هەژموونی ئێران و ئەمەریکا دوور بخاتەوە، بەرەی دووەمی شیعە کە مالیکی و عامری سەرکردایەتیی دەکەن، دەیانەوێت عێراق پێچەوانەی ئەم هەوڵە سیاسەت دەکەن و نەشاردراوەتەوە کە لەسەر بەرەی وڵاتێک دراوسێ حیساب بۆکراون ئەویش ئێرانە.
زۆر لە شارەزایان و سیاسی و نێوەندەکانی لێتوێژینەوە دەڵێن، عێراق ئەو هێڵە ستراتیژییەی ئێرانە بۆ گەیاندنی هەژموونی خۆی بە بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. عەرەفات کەرەم پسپۆڕێکی سیۆلۆژیای بەراوردەئاینییەکان لەوبارەوە گوتی، تەنیا دەرەنجامی هەڵبژاردن هۆکاری ململانێی نێوماڵی شیعە نییە، چونکە شیعە بە سەر دوو ئاڕاستەدا دابەش بوون.
مەرجەعیەتی ڕوانگا جیاواز
عەرەفات کەرەم کە هاوکات پسپۆڕی سۆسیۆلۆژیای بەراوردەئاینییەکانە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "بەشێکی شیعە دەیانەوێت دەستی ئێران لە عێراقدا نەمێنێت، بەرەی دووەم دەیانەوێت لەژێر هەژموونی ئێراندا بمێننەوە، چونکە ئەوان ئێران بە تەنیا وڵات دادەنێن، کە بەرگریی لەوان کردووە، هاوکات لە ڕووی مەزهەبیشەوە ئێران لێیان نزیکە."
سەدر ئیستا سەرکردایەتیی بەرەی مەرجەعیەتی عەرەبی دەکات و بە کەسایەتیێکی نزیک لە سعوودیایش ناو دەبرێ، وەک ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هێمای بۆ کرد، هەموو هەوڵێک دەدات عێراق لەژێر کاریگەریی ئێراندا نەهێڵێت، کەرەم نموونە بە سەردانەکەی ئەو سەرکردە شیعییە دەهێنێتەوە بۆ هەریەکە لە وڵاتانی سعودیاو کوێت.
بە باوەڕی کەرەم، هەرچیی مەرجەعە ئێرانییەکەی شیعەی عێراقە، دەیانەوێت ڕێ لەو پڕۆژەی مەرجەعە عەرەبییەکەی شیعە بگرن. بە بۆچوونی زۆر لە چاودێرانیش بارودۆخەکە بە ڕادەیەک قورس بووە، کە مەترسیی شەڕی ناوخۆییی شیعەی لێ دەکرێت. پسپۆڕی سیۆلۆژیای بەراوردەئاینییەکانیش گومانی خۆی ناشارێتەوە لە ئەگەری دروستبوونی شەڕی نێوانیان، چونکە لایەنێکی شیعە خۆیان بە مەزڵووم دەزانن و دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنیان پێ قبووڵ نییە، پێشی وایە ئەگەر بە تەوافوقی سیاسی کێشەی نێوان ئەو دوو لایەنە شیعە چارە نەکرێت، بارودۆخێکی قورس دێتە ئاراوە و شتی مەترسیدار ڕوو دەدات، کە نازاندرێت چەند و چۆن دەبێت.
ڕۆڵی ئەمەریکا و ئێران
ئەمەریکا لە ٢١ی ٥دا ستراتیژی نوێی خۆی بەرامبەر ئێران لە چەند خاڵێکدا ڕاگەیاند، لە یەکێ لە خاڵەکاندا هاتووە، دەبێت ئێران ڕێز لە سەروەریی حکوومەتی عێراق بگرێت، ڕێگەش بە چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوە و جێکردنەوەی میلییشیا شیعییەکان لە ناو هێزە ئەمنییەکانی وڵاتدا بدات.
هەرچیی ئێرانیشە هەوڵی بەهێزکردنی ئەو لایەنە شیعیانە دەدات کە جێبەجێکاری ئەجێنداکانی ئەون، هاوکات پاڵپشتیی هێزە میلیشیا شیعییەکانیش دەکات و ئەوەشی نەشاردووەتەوە و لە پاش شکستدانی داعش، ڕۆڵی فەرماندەی سوپای قودسی وڵاتەکەشی لەو شەڕەدا بە گرینگ ناو بردووە، بۆیە عەرەفات کەرەم کە هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە پێی وایە: "ئەمەریکا هەوڵی پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێی بەهێز دەدات، کە لە ئێران دوور بکەوێتەوە. لای ئەمەریکا گرینگە کێشەکان چارە بکرێن، بۆیە ئەمەریکا هەوڵی جیددی دەدات کێشە و ئاڵۆزی درووست نەبێت، ئەویش لە پێناو سەرخستنی پڕۆژەی خۆی بۆ داهاتووی عێراق."
عەرەفات کەرەم گومانیشی لەوە نییە، گەر ململانێی ئەو دوو باڵە شیعە قورستر بێت، لە کۆنترۆڵی ئەمەریکایش دەردەچێت، چونکە بارودۆخی ئێستای نێوماڵی شیعە یەکجار ئاڵۆز بووە، گوتیشی: "ساڵی ٢٠١٠ نییە، کاتێ کێشە لە نێوان مالیکی و عەللاویدا درووست بوو، ئەمەریکا و ئێران ڕێککەوتنێکیان لەسەر عێراق کرد و کۆتاییان بە کێشەکە هێنا، بەڵام ئێستا ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کشاوەتەوە و بەرنامەی نوێی ئەو وڵاتەش بۆ ئێران زیاتر لێدانە"، بۆیە ناوبراو پێی وایە: "ئەم جارە ئەمەریکا لەسەر کێشەی عێراق گفتوگۆ لەگەڵ ئێراندا ناکات."
دوای سەرکەوتنی لیستی موقتەدا سەدر، کە بە سیاسەت و هەژموونی ئێران لە وڵاتەکەی ناڕازییە، ئەو وڵاتە هەست بە لاوازیی خۆی لە عێراقدا دەکات، بە گوتەی کەرەم: "موقتەدا سەدر ئێستا گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر پرۆژەی ئێران لە عێراق، هاوکات ئەو لایەنە شیعیانەی کە نزیکن لە ئێران وەکو عەسایبی ئەهلی حەق و نوجەبا لە لایەن ئەمەریکاوە خرانە لیستی تیرۆرەوە، زیانی گەورەیە لە هەژموونی ئێران"، عەرەفات کەرەم زیاترلەسەر ئەو پرسە دوا و دەڵێ: "ئێرانیش دەستەوەستان نابێت، گەر هیچیشی پێ نەکرێت، ئەوا لێناگەڕێت پرۆسەی سیاسیی عێراق سەربگرێت، ئەویش بە درووستکردنی ئاژاوە لە عێراقدا، چونکە هەست دەکات خەریکە ڕۆڵی نامێنێت."
خێڵان بەختیار




