١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"عێراق ئامادەکاری دەکات تا بتوانی لە ٢٠٢٠ سەرژمێری گشتیی ئەنجام بدات"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی گشتیی ئاماری ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەسەر ئاستی عێراق بۆ خۆئامادەکردن بە مەستی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی ئەنجام دراوە و دەشڵێ، بەغدا و لایەنەکان ڕێگر بوون سەرژمێری لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ بەڕێوە بچێت.

سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی گشتیی ئاماری ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەر لە دوو حەفتە کۆبوونەوەیەکی سەرەتایی و بەرفراوان لەسەر ئاستی باڵا لە بەغدا ئەنجام درا و ھەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشداری کرد، کۆبوونەوەکە لەبارەی ئەوە بوو کە ئایا لە ساڵی ٢٠٢٠دا دەکرێ سەرژمێریی گشتی ئەنجام بدەین و ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، یان نا، پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی، پڕۆسەیەکی گرنگە و ھەنگاوەکان ھێشتا لە سەرەتادایە، چونکە ھێشتا نە بودجەی بۆ تەرخان کراوە و نە پلانی بۆ داڕێژراوە، لەبەر ئەوە پێم وایە بەڕێوەبردنی سەرژمێریی گشتی ئامادەکاریی زۆری دەوێت."

بە گوێرەی دەستووری عێراق، پێویستە لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستوور عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە سەرژمێری بکرێت تا خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە دیاری بکرێت. لەم بارەیەوە سیروان محەمەد گوتی: "ڕاستە بە پێی دەستووری ھەمیشەییی عێراق یەکێک لە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دوای ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچەیە و ڕاستکردنەوەی ڕەوشی دیموگرافییان پێویستە سەرژمێری ئەنجام بدرێت، بەداخەوە عێراق ڕێگر بوو لە ئەنجامدانی سەرژمێری لە کاتی خۆیدا، کە بڕیار بوو ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوە بچێت، ھەروەھا لایەنەکانیش ئاستەنگیان خستە بەردەم جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق.

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار