١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ھاوپەیمانیی رافیدەین: حەشدی شەعبی، دوو بۆ سێ كورسیی كریستیانانی دزیوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  سەركردەیەكی كریستیانەكانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لەلایەن حەشدی شەعبییەوە كورسییەكانی كۆتا كە بۆ كریسیتانەكان تەرخان كرابوون، دزراون و دەڵێ: "چەند فەوجێكی كریسیتان لە باشووری عێراقەوە دەنگیان بۆ كورسیی كریستیانەكان ھەژمار كراوە و دوو تا سێ كورسیمان لێ دزاوە".

یونادم یووسف كەننا، سەرۆكی ھاوپەیمانی رافیدەینی كریستیانەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە داخەوە لە پارێزگاكانی باشووری عێراق، كورسییەكانی كۆتا كە بۆ كریستیانەكان تەرخان كرابوون، لەلایەن ھێزێكی سەر بە حەشدی شەعبییەوە دزراون، لە ھەر پارێزگایەك زیاتر لە ھەزار دەنگی موسڵمان بۆ كورسیی كۆتای كرستیانەكان چووە، ئەمەیش ستەمێكی دیكەیە لە پێكھاتەی كریستیان دەكرێت، چونكە بەپێی یاسا پێنج كورسیی كۆتا بۆ كریستیانەكان دیاری كراون، كەچی حەشدی شەعبی ھێزێكی پێك ھێناوە بۆ دزینی ئەو كورسیانە، پێویست بوو خەڵكی كریستیان خۆیان نوێنەر ھەڵبژێرن، كەچی دەنگی چەند فەوجێكی حەشدی شەعبی بۆ كورسیی كۆتا چووە".

سەرۆكی ھاوپەیمانیی رافیدەین ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: " لە كۆی پێنج كورسیی كۆتای كریستیانەكان، ئێمە دوو كورسیمان بردووە و سێ كورسیی دیكەیش لەلایەن ھێزەكانی دیكەوە بردراون، لیستی بابیلۆنی سەر بە حەشدی شەعبی لە تلكێف و دەشتی نەینەوایە، كەچی دەنگی چەكدارانی حەشد لە باشوور بۆیان ھەژمار كراوە".

كەننا، روونیشی كردەوە: "ئەو ئامێرانەی لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا بەكار ھاتوون، یان شكستیان ھێناوە، یانیش دەستكاری كراون لە عێراق، چونكە لە ھەموو جیھان بە چەند خولەكێك ئەنجامەكان دەدرێنەوە، كەچی ئەمە چەند رۆژێكە ئامێرەكانی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق وەڵامیان نەبووە بۆ ئەنجامی كۆتایی، لە رێگەی ئامێری دەنگدانیشەوە ساختەكاریی زۆر كراوە".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار