پارتی له یادی دامهزراندنیدا: وەك هەمیشە پشتیوانی خۆمان بۆ مامۆستایان دووپات دەكەینەوە

ههولێر-KDP.info- بەبۆنەی (56)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكیی پیرۆزبایی ڕایگهیاند كه ئهمه دهقهكهیهتی:
بەڕێزان سكرتێروئەندامانی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان
بەبۆنەی(56)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتییە تێكۆشەرەكەتان، یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەوتێكڕای مامۆستایانی كوردستان دەكەین، ئومێدەوارین وەك هەمیشە دڵسۆزانەو بەرپرسانە بۆ خزمەتكردنی توێژی مامۆستایان و پشتیوانیكردنی دۆزی رەوای گەلەكەمان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی بەردەوام بن.
یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، هەر لە دەستپێكی دامەزراندنیەوە لە(15/5/1962) بە گیانی رێكخراوانە و پیشەییانە لە خەبات و قوربانیدان نەسرەوتووە و لەو رێگایە پیرۆزەشدا توانیویەتی دەسكەوتێكی زۆر و شایستە بۆ توێژی مامۆستایان بەدی بێنێ، كە بە راستی مایەی رێز و شانازییە بۆ گەلەكەمان بە گشتی و توێژی مامۆستایان بەتایبەتی.
یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، شانبەشانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتدا بەشداری لە رەوتی سیاسی و چەكداری گەلەكەمان كردووە، لەو پێناوەشدا وەك رێكخراوێكی پیشەیی رۆڵی دیار و بەرچاوی خۆی هەبووە و هەوڵی زۆری داوە لەپێناو سەركەوتن و بەدیهێنانی ئامانجە پیشەییەكانی لە رووی پەروەدە و فێركردن لە چوارچیوەی مافە سیاسی و فەرهەنگی و كوولتورییەكاندا.
كاتێك ئێمە ئەو یادە پیرۆزە بەرز هەڵدەسنگێنین و دەنرخێنین، وەك هەمیشە پشتیوانی خۆمان بۆ یەكێتییەكەتان دووپات دەكەینەوە... هیوادارین بەهەمان رۆحیەتی كوردپەروەری و نیشتیمانپەرورەییەوە زیاتر برەو بە كاروچالاكییەكانتان بدەن و داكۆكی لە مافە پیشەییەكانتان بكەن و دەسكەوتی زیاتر بۆ سەرجەم مامۆستایان بەبێ جیاوازی بەدی بێنن و داكۆكی لەو ئەزموونەو دەسكەوتەكانمان بكەن.
لەو بۆنەیەدا سڵاوورێزو وەفاداریی بۆ دامەزرێنەران و سەرۆك و سكرتێرە پێشەنگەكانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان...
جارێكی دیكە پیرۆز بێت(56)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان..
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
14/5/2018




