حەشدی شەعبی لە مووسڵ زۆربەی نوێنەرانی پارتییان لە بنکەکانی دەنگدان دوور خستووەتەوە

مووسڵ-KDP.info- لە نێو مووسڵدا ھەڕەشەیەکی گەورە لەسەر کادیر و نوێنەرانی پارتی ھەیە و بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتیش لە مووسڵ دەڵێ، ھێزەکانی حەشدی شەعبی زۆربەی نوێنەرانی پارتییان لە بنکەکانی دەنگدان دەرکردوون و لە گەڕەکی سەددامی نێو مووسڵیش کادیرێکی ئێمە لە لایەن حەشدی شەعبیەوە ئەشکەنجە دراوە.
مەناف حەسەن، بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە نێو مووسڵدا لە لایەن ھێزەکانی حەشدی شەعبیەوە ھەڕەشەیەکی گەورە لە کادیر و ئەندامانی پارتیمان دەکرێت و لە گەڕەکی سەددامی نێو مووسڵ، حەشدی شەعبی کادیرێکی ئێمەی ئەشکەنجە داوە، ھەروەھا لە گۆبجەلیل و بازوایە و تلکێف و زۆربەی ناوچەکانی دیکە نوێنەرانی پاتی لە بنکەکانی دەنگدان دەرکراون و ھەڕەشەیان لێ دەکرێت، ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی نوێنەران و کادیرانی ئێمە نەتوانن کار بکەن و چاودێریی پڕۆسەکە بکەن."
بەرپرسەکەی پارتی گوتی: "لە ناحیەی زومماریش لە لایەن ھێزەکانی حەشدی شەعبییەوە ڕێگری لە دەنگدەرانی کورد و پارتی دەکرێت بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و ھەڕەشەیان لێ دەکرێت."
مەناف حەسەن، دەشڵێت: "عێراق ھەموو ڕێگاکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و مووسڵی داخستووە، ئەمە لە کاتێدایە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق ڕێگا کراوەیە و پەیوەندیمان بە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانەوە کردووە، ئەوان دەڵێن حەشد ڕێگەی گرتووە، ئێمە ڕێگامان داوە بە دەنگدەران و ھاووڵاتیان."
قائید میرۆ




