١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، بە دابەشنەكردنی كارتی دەنگدەرانی مووسڵ تۆمەتبار دەكرێ

سەرچاوە: KDP.info

 

مووسڵ-KDP.info- كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، لە دابەشكردنی كارتی نوێی دەنگدان بە كەمتەرخەم ناو دەبرێ و، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتییش لە مووسڵ دەڵێ، كۆمسیۆن دەیەوێ ٦٥ ھەزار كارتی دەنگدەرانی مووسڵ، ئەوانەی لە دھۆك نیشتەجێن، دابەش نەكرێن.


مەناف حەسەن، بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە بەغداوە كۆمسیۆن ٦٥ ھەزار كارتی نوێی بایۆمەتریی رەوانەی شاری دھۆك كردووە، لەو ٦٥ ھەزار كارتە كە ھەمووی ھیی دەنگدەرانی پارێزگای نەینەوایە و دانیشتووی شاری دھۆكن، تەنیا ١١ ھەزار كارتی دابەش كردووە. ئێمە دوێنێ سەردانی كۆمسیۆنمان كردووە تا كێشەكە چارە بكرێت و كارتەكان دابەش بكرێن، بەڵام بەرپرسانی كۆمسیۆن پێیان راگەیاندووین كە بە ھۆی نەبوونی كارمەندی پێویستەوە، ناتوانن لەو ماوەیەی لە بەردەمیاندا ماوە، ھەموو كارتەكان دابەش بكرێن".

حەسەن روونیشی كردەوە: "كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق زۆر كەمتەرخەمە لە بەرانبەر ھاووڵاتیانی نەینەوا و  ئەگەر كار بەو شێوەیە بڕوات، نزیكەی ٣٠ ھەزار كارتی دەنگدان تەنیا لە نێو ئاوارەكانی دھۆك دەمێنێتەوە و پێڕاناگەن دابەشی بكەن، لەبەر ئەوە پێویستە كۆمسیۆن چارەیەك بۆ ئەو دەنگدەرانە بدۆزێتەوە، یانیش كارمەندی شوێنەكانی دیكە رەوانەی دھۆك بكات بۆ ئەوەی پەلە بكرێت لە دابەشكردنی كارتی نوێی دەنگدان".

بڕیارە رۆژی ١٢ی مانگی دابێ، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت و نزیكەی ٤٥٠ ھەزار دەنگدەری پارێزگای نەینەوا لە ھەرێمی كوردستاندا ئاوارەن و لێرە دەنگ دەدەن.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار