١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"حەشد وێنەی كاندیدانی بە دیواری ماڵانەوە هەڵدەواسێ.. ئەوەی لێی بكاتەوە سزایده‌ده‌ن"

سەرچاوە: KDP.info

 

تلكێف-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی لە تلكێف گوتی، حەشدی شەعبی هەڕەشە لە خەڵكی مەسیحی دەكەن كە دەنگ بە ئەوان بدەن و، وێنەی كاندیدانی خۆیشیان لەسەر دیواری ماڵان هەڵدەواسن و ئەوەی لێیشیان بكاتەوە، 500 هەزار دینار سزای دەدەن.

لەدوای رزگاركردنی مووسڵ لە دەست داعش، حەشدی شەعبی دەستی بەسەر مووسڵ و دەشتی نەینەوادا گرتووە و بەردەوامیش پێشێلكاری دژی مەسیحییەكان ئەنجام دەدات، ئەمەیش وای كردووە تاوەكوو ئێستا بەشێكی كەمی مەسیحی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان و، ئەوانیش ئەمەیان بە دەرفەت زانیوە و ماڵە عەرەبەكان دێنن لە شوێنی مەسیحییەكان نیشتەجێیان دەكەن.

یەڵدا شەموئێل، كەسایەتیی دیاری مەسیحی و بەرپرسی لیژنه‌ی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تلكیف، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حەشدی شەعبی بەردەوامن لە ئەنجامدانی پێشێلكاری بەرامبەر بە مەسیحییەكان و، لە تلكێف تاوەكوو ئێستا 500خێزان بە مەبەستی تەعریبكردن هاوردە كراون و دەستیان بەسەر خانووی مەسیحییەكاندا گرتووە و تێیدا نیشتەجێ بوونە، مەسیحییەكانیش لە ترسی حەشدی شەعبی، ناوێرن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان".

شەموئێل گوتیشی: "حەشدی شەعبی ئێستا دەستی بە هەڕەشەكردن كردووە لە مەسیحییەكان، كە پێویستە دەنگ بە كاندیدانی ئەوان بدەن و وێنەی كاندیدانی خۆیشیان لە شوێنە گشتییەكان و تەنانەت سەر دیواری ماڵانیش هەڵواسیوە، بە تایبەت وێنەی "رەیان كلدانی"ی سەركردەی حەشدی شەعبی و، هەر كەسێك لە شوێنی گشتی وێنەیەكی كاندیدانی ئەوان لێ بكاتەوە یاخود بیدڕێنێت، یەك ملیۆن دینار سزای دەدەن و ئەگەر لەسەر دیواری ماڵی خۆیان لێی بكەنەوە، 500هەزار سزای دەدەن، بۆیە مەسیحییەكان لە دۆخێكی زۆر خراپدا دەژین".

پێش هاتنی داعش، لە دەشتی نەینەوا ژمارەی مەسیحییەكان 150هەزار كەس بوو و دوای هاتنی داعش هەمووان ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و، پاش رزگاركردنی مووسڵیش تەنیا بەشێكی كەمی مەسیحییەكان گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان لە ترسی حەشدی شەعبی، چونكە بەردەوام پێشێلكارییان بەرانبەر ئەنجام دەدەن".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار