١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

حەشد لە مووسڵ زەویی کورد و کریستیانەکان دەفرۆشێت

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- چەکدارانی حەشدی شەعبی زەویی کورد و کریستیانەکان داگیر دەکەن و دواتر بۆ خۆیان دەیفرۆشن.

مەناف حەسەن، کارگێڕی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە مووسڵ ئاوارەبوونی پێچەوانە دەستی پێ کردووە و بە ھۆی ئەو ڕەوشەی لە مووسڵ هەیە، ھەر لە نەبوونی خزمەتگوزارییەوە تا دەگاتە ڕەفتاری گرووپەکانی حەشدی شەعبی وای کردووە، بەشێک لەو ئاوارانەی مووسڵ، کە پێشتر بە ھۆی شەڕی داعشەوە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون، دوای پرۆسەی ئازادیی مووسڵ گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، بەڵام بەشێک لە ئاوارەکانی مووسڵ دووبارە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان دەبنەوە و ژیانی نێو کەمپەکانیان پێ خۆشترە لەو ژیانەی بن دەسەڵاتی حەشدی شەعبی."

ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێ: "لە خاڵەکانی پشکنین ئاستەنگی زۆر بۆ ھاتوچۆی ھاووڵاتیان دروست دەکرێت، هاوکات حەشدی شەعبی زەویی کورد و کریستیانەکانی داگیر کردووە و بۆ خۆیان دەیفرۆشن، لە چەند ناوچەیەکیش حەشدی شەعبی تەلاری بازرگانیی لەسەر زەویی کریستیانەکان دروست کردووە، ئەوەش وای کردوە ھاووڵاتیان ناوچەکەیان لەبەرچاو بکەوێت و بەجێی بێڵن، بەڵام ئەو ناوچانەی پێشمەرگە دەیپارێزێت زۆر جیاوازە و خەڵک بە ئازادی و ئارامی دەژین."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار