سیروان سیرینی: 40 ھەزار كەیسی گەندەڵی گەییشتوونەتە پەرلەمان.. ئەی كوا یاسا

بەغدا-KDP.info- نوێنەرێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، ئەوەی لە ھەندێ مێدیای عێراقی و كوردستان لەبارەی تۆماركردنی سكاڵا لە دژی ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستان بڵاو دەكرێتەوە، تەنیا بۆ موزایەدەی ھەڵبژاردنە و دەشپرسێ، 40 ھەزار كەیسی گەندەڵی لە پەرلەمانی عێراق هەن، ئەی یاسا كوا؟
سیروان سیرینی، ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو لێدوان و زانیاریانەی لەبارەی سكاڵاتۆماركردن و بڕیاری دادگای فیدڕاڵ سەبارەت بە راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی كوردستانەوە بڵاو دەكرێنەوە، تەنیا بۆ پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردنی مانگی داھاتووە و ھیچ ئەنجامی نابێت، ئەگەر راست دەكەن كە یاسا لە عێراقدا بوونی ھەیە، ئەوە با سەرەتا لەو ھەموو گەندەڵییە دەست پێ بكرێت كە ماوەی پازدە ساڵە لە عێراق تەخشان و پەخشان دەكرێت، چونكە ھەزار ملیار دۆلار لە عێراق بەھەدەر دراوە و كەس نقەی لێوە نەھاتووە و سكاڵایش تۆمار كراوە دادگا و یاسایش بێدەنگن".
پەرلەمانتارەكەی فڕاكسیۆنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "تەنیا لە ساڵی رابردوودا، 40 ھەزار كەیسی گەندەڵی گەییشتوونەتە پەرلەمانی عێراق و لیژنەی نەزاھە، بۆیە داواكارین دادگای عێراق ئەوانە یەكلا بكاتەوە، پێویستە دادگا بەدواداچوون بۆ ئەو پێشێلكارییە یاسییە بكات كە عێراقی تەنیوە".
وەك سیرینی گوتی: "لە دادگای ویلایەتی تكساسی ئەمەریكایش، عێراق سكاڵای لەبارەی ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستانەوە تۆمار كرد، ھەموو لایەكیش بینییان ئەنجامەكەی لە بەرژەوەندیی ھەرێمی كوردستان كۆتایی ھات، رێككەوتنیش ھەیە لە نێوان ھەردوو حكوومەتی عێراق و ھەرێمی كوردستان بۆ ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستان، بەڵام خەڵكانێك بۆ راكێشانی سۆزی شەقامی عێراق، ئەو كەیسانە دەجووڵێنن، بێگومان ئەوەیش لە بەرژەوەندیی خەڵكی عێراقدا نییە".
قائید میرۆ




