"زیاتر لە دە ھەزار چاودێر بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو ئامادە کراون"

هەولێر-KDP.info- بڕیارە زیاتر لە دە ھەزار چاودێری ناوخۆیی و بیانی چاودێریی ھەڵبژاردنەکانی مانگی داھاتووی عێراق بکەن و ڕێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی ھەڵبژاردنەکانیش دەڵێ، زۆرترین ھەوڵ دەدەن پڕۆسەکە بەبێ کێشە بەڕێوە بچێت و لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانیش بێدەنگ نابن.
ھۆگر چەتو، ڕێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی ھەڵبژاردنەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تۆڕی شەمس بە ھەماھەنگی لەگەڵ سێ تۆڕی دیکەی عێراق ڕێک کەوتووین لەسەر پێکھێنانی ھاوپەیمانییەک بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی عێراق، کە بڕیارە مانگی ئایاری داھاتوو بەڕێوە بچێت، لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە ھاوپەیمانییەکە دە ھەزار چاودێر بۆ سەرتاسەری عێراق ئامادە بکات، تا لە ڕۆژی ١٢ی ئایار چاودێریی پڕۆسەی ھەڵبژاردن بکەن و ڕۆڵیان ھەبێت لەسەر چۆنییەتیی پاکبەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان."
لەبارەی چاودێریی بیانیشەوە ڕێکخەری تۆڕی شەمس ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بێگومان چاودێرەکان تەنیا ناوخۆیی نابن و چاودێری بیانیشییان تێدایە، ئەوەی تا ئێستا ھەماھەنگیمان لەگەڵ کردووە و ئامادە کراون، بڕیارە ٥٠ چاودێری نێودەوڵەتی تەنیا لە ڕێگەی ئێمەوە بێنە عێراق، ئەوە جگە لەوەی لە ڕێگەی دیکەشەوە چاودێری بیانی دێن بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەکە."
ھۆگر چەتو گۆتیشی: "لە ڕێگەی تیمەکانمانەوە ئێستا دەست بە ڕاھێنان کراوە بۆ چاودێرانی ھەڵبژاردن، چونکە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەم جارە جیاوازە و بە سیستەمی زیرەکە، لەبەر ئەوە چاودێرەکان لەسەر چۆنییەتیی پڕۆسەکە ڕاھێنانیان پێ دەکرێت تا بزانن چۆن دەنگدەر کارتەکەی بەکار دێنێت و چۆن دەنگ دەدات و دەرفەتی پێشێلکاری بۆ دەزگەکانی دیکە نەھێڵنەوە."
پەیوەست بە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق چەتو ڕوونی کردەوە: "ئێمە ناتوانین لە ئێستاوە پێشبینی بکەین لەو سنوورانەی ھێزی ئەمنی جیاوازیان تێدایە، وەک کەرکووک و مووسڵ کە حەشد و ھێزەکانی دیکە جێگیر کراون چی ڕوو دەدات، گرنگ ئەوەیە ئێمە چاودێرەکانمان لەو ناوچانە بڵاو دەکەینەوە و ھەر پێشێلکاری و ڕێگرییەک لە پڕۆسەکەدا ھەبێت، ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە."
قائید میرۆ




