كارتی كاتی بۆ دەنگدەرانی پارێزگای نەینەوا دروست دەكرێت

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسێكی كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان لە پارێزگای نەینەوا، داوا لە ھاووڵاتیانی سنووری پارێزگای نەینەوا دەكات، ئەوانەی لە ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن، سەردانی بنكەكانیان بكەن بۆ ئەوەی كارتی دەنگدان وەربگرنەوە و دەشڵێ، ئەوانەی كارتی نوێیان بۆ نەھاتووەتەوە یانیش بەشداریی بایۆمەترییان نەكردووە، كارتی كاتییان بۆ دەكرێت.
سەعید مستۆ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێم لە دەشتی نەینەوا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە كارتی دەنگدانی پارێزگای نەینەوا بۆ ھەڵبژاردنی ١٢ی مانگی داھاتوو بۆ ئاوارەكان بگەڕێتەوە شاری دھۆك و لەوێ دابەش بكرێن، بەڵام پێویستە كارتەكان لەلایەن تیمی گەڕۆكەوە دابەش بكرێن و بنكەی كۆمسیۆن بكرێنەوە، چونكە ھاووڵاتیانی مووسڵ زیاتر ئاوارەن لە سنووری پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان و دەبێت ئاسانكارییان بۆ بكرێت لە وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان، لەگەڵ ئەوەیشدا داوا لە دەنگدەرانی پارێزگای نەینەوا دەكەین سەردانی بنكەكان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان، چونكە لە ئەگەری وەرنەگرتنەوەی، بێبەش دەبن لە پڕۆسەی دەنگدان".
بڕیارە لە ١٢ی ئایاری داھاتوودا، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت و كورد بە چەند لیستێك لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەشداریی كردووە.
وەك مستۆئاماژەی بۆ كرد: "بەپێی زانیارییەكانی ئێمە، ھەر ھاووڵاتییەك كارتی دەنگدانی نەبێت، یانیش بەشداریی پڕۆسەی بایۆمەتریی كۆمسیۆنی نەكردبێت، كارتی كاتیی بۆ دەكرێت تا مافی دەنگدانیان ھەبێت، چونكە ئاشكرایە رێژەی بەشداریی ھاووڵاتیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا زۆر كەمە و وەك پارێزگاكانی دیكەی عێراق و ھەرێمی كوردستان نییە، بەڵام ئەگەر كۆمسیۆن ھاوكار بێت و بنكەی تایبەت لە كەمپەكاندا بكرێنەوە و كارتی كاتییان بۆ بكرێت، ئەوا ژمارەیەكی یەكجار زۆر دەنگدەر بەشداری لە پڕۆسەكەدا دەكەن".
قائید میرۆ




