١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شارەزایەکی کاروباری سووریا: لە ئایندەیەکی نزیکدا نەخشەی سیاسیی ناوچەکە دەگۆڕدرێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا ده‌ڵێ، پاریس پلانی ھەیە سوپای خۆی ڕەوانەی باکووری سووریا بکات و ئامادەیە پاڵپشتیی ئەو ھێزانەش بکات کە لەو ناوچەیەدا ھەن، شارەزایەکی کاروباری سووریایش دەڵێ، کشانەوەی ئەمەریکا و ھاتنی فەرەنسا بۆ سووریا دەستپێکردنی قۆناغی دابەشکردنی سووریایە.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا لەبارەی ڕەوشی سووریا و داھاتووی ناوچەکە لەگەڵ شاندێکی ھێزەکانی سووریای دیموکرات کۆ بووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەی ئاشکرا کرد، پاریس پلانی ھەیە سوپای خۆی ڕەوانەی باکووری سووریا بکات و ئامادەیە پاڵپشتیی ئەو ھێزانەش بکات کە لەو ناوچەیەدا ھەن.
دکتۆر کاوە ئازیزی، شارەزای کاروباری سووریا ده‌ڵێ، دوای کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی فەرەنسا و شاندێکی ڕۆژئاوای کوردستان، ماکڕۆن بەڵێنی ئەوەی پێ داون پشتگیریی ھێزەکانی سووریای دیموکرات بکات.

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ هه‌فته‌ی ڕابرد بڕیاری دا، وڵاتەکەی ھێزەکانی لە سووریا بکێشێتەوە، ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەش وه‌ك چاودێران ده‌ڵێن، دەردەخه‌ری ئه‌وه‌ن کە دابەشکردنی ناوچەکە و بڵاوەپێکردنی ھێزەکان دەستی پێ کرد.
له‌وباره‌وه‌ كاوه‌ ئازیزی شارەزای کاروباری سووریا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "بە خوێندنەوەی من بۆ ڕەوشەکە، ئەمەریکا ئێستا لەگەڵ ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ھەموو نیشانەکانی لێدانی ئێران لە لایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە دەرکەوتوون و ھێز کۆ دەکرێتەوە بۆ ڕاگەیاندنی شەڕێکی خوێناوی و یەکلاکەرەوە دژی ئێران."

ئەو پێشنیازەی فەرەنسا بۆ ناردنی هێز بۆ باکووری سووریا بێ کاردانەوەی تورکیا نەبوو. لەم بارەیەوە بەکر بوزداغ گوتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی "دەستپێشخەریی ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە لایەن ئانکارەوە قبووڵکراو نییە، چونکە بە ھیچ دەستوەردانێکی فەرەنسا بە ناوی نێوەندگیری لە ھێزەکانی سووریای دیموکرات ڕازی نابین، لەوانەش یەکینەکانی پاراستنی گەل، بابەتێکی لەو شێوەیەش مانای پشتگیرییە لە (تیرۆریستان) و بۆ ئێمە بێزارکەرە."

ئەو شارەزایەی کاروباری سووریا باوه‌ڕی وایه‌، كه‌ به‌ ناردنی ھێزی سەربازیی فەرەنسا پلانی وڵاتانی زاھێزی ناوچەکەیە و وێنەی دابەشکردنی ناوچەکە کێشراوە، ئەویش لە بەرژەوەندیی سێ وڵات، کە ئەوانیش ئەمەریکا و ئیسرائیل و ڕووسیان. بەڵام وه‌ك ئه‌و گوتی، ''ھێشتا وردەکاریی ئەو ڕووداوە دیار نییە، ئەوان دەیانەوێ چۆن نەخشەکە بگۆڕن، بەڵام ئەوەی تا ئێستا دیارە گۆڕانکاریی گەورە لە دیموگرافیای ناوچەکەدا ڕوو دەدات."

دوای دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی سووریا، بە ھۆی پشتگیریی ھەندێ وڵات لە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد و دەستوەردانی وڵاتانی جیھان لە کاروباری سووریا، شۆڕشەکە ھیچ ئەنجامێکی نەبوو، چونکە بە درێژاییی ساڵانی ڕابردوو بە ھۆی شەڕ و ئاڵۆزیی بەردەوام دەیانھەزار کەس لە سووریا کوژران و بریندار بوون و سەدانھەزار کەسیش ئاوارە و دەربەدەری وڵاتانی جیھان بوون، ھێشتاش دیار نییە ئایندەی سووریا بە کوێ دەگات.

دکتۆر کاوە ئازیزی گوتی: "سوننە لەسەر سنووری ئیسرائیل و غوتەی ڕۆژھەڵات کشاونەتەوە و ھیچ ھێزێکیان لەو دوو ناوچەیەدا نەماوە، ھەموو ھێزەکانی سەر بە سوننە گوازراونەتەوە بۆ باکووری سووریا و بە دیتی من سووریا دابەش دەکرێت، لەبەر ئەوەش ئەمەریکا و ڕووسیا و ئێران و تورکیا و فەرەنسا، ھەریەکە و بە شێوەیەک پەلە دەکه‌ن بۆ ناردنی ھێزی خۆیان بۆ سووریا، لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا نەخشەی جیۆگرافیای سیاسیی ناوچەکە دەگۆڕدرێت."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار