بەغدا ئاستەنگ بۆ ٤٥٠ ھەزار دەنگدەری ئاوارەی مووسڵ لە ھەرێم دروست دەکات

هەولێر-KDP.info- لە سنووری پارێزگای نەینەوا حکوومەتی عێراق بڕیاری دا سیستەمی بایۆمەتری ڕابگیرێت و بۆ ھەڵبژاردنی ئایاری داھاتووی عێراق کار بە کارتی دەنگدانی ساڵی ٢٠١٤ بکرێت.
مەناف حەسەن، بەرپرسی دەزگەی ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا زیاتر لە چوارسەد ھەزار ئاوارەی پارێزگای نەینەوا لە سنووری ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن، حکوومەتی عێراق کێشە بۆ ئەو ئاوارانە دروست دەکات، چونکە دڵنیایە لەوەی زۆربەیان ئەگەر کوردیش نەبن، دەنگیان بۆ ھەرێمی کوردستانە، لەبەر ئەوەش کێشە و ئاستەنگ دەخاتە بەردەم ناردنی کارتی ئەلیکترۆنیی ئەو ئاوارانە، ھەرچەندە ئەو دەنگدەرانەی کە تا ئێستا بەشدارییان لە سیستەمی بایۆمەتریدا کردووە و کارتیان بۆ دەرچووە لە ڕۆژی چوارشەممەی دابێ کارتەکانیان دەگەیەندرێتە ھەرێمی کوردستان."
بەرپرسی دەزگەی ھەڵبژاردنی پارتی لە مووسڵ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "نزیکەی ١٥٠ ھەزار ھاووڵاتیی مووسڵ نیشتەجێی شارەکانی ھەرێمی کوردستانن و تا ئێستا نە کارتی دەنگدانیان ھەیە و نە بەشدارییان لە سیستەمی بایۆمەتریدا کردووە، ئەوانە ئاستەنگیان بۆ دروست دەکرێت لە لایەن بەغداوە."
ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێ: "بە بڕیارێکی حکوومەتی عێراق جێبەجێکردنی سیستەمی بایۆمەتری بۆ دەنگدەران لە سنووری پارێزگای نەینەوا ڕاگیراوە و ھۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، زیاتر لە دوو ملیۆن ھاووڵاتیی مووسڵ ھەیە و پێویستیان بە کارتی دەنگدان ھەیە، ئەوەش کارێکی قورسە بۆ حکوومەتی عێراق و ئەوان دەڵێن پێڕاناگەین."
بڕیارە ١٢ی مانگی ئایاری داھاتوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت و ژمارەیەکی بەرچاو قەوارەی سیاسی بۆ کێبڕکێ لەسەر بەدەستھێنانی کۆرسیی پەرلەمانی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکەدا دەکەن."
مەناف حەسەن گوتیشی: "بڕیارە کار بە کارتی دەنگدانی ساڵی ٢٠١٤ بکرێت لە مووسڵ بۆ ئەو دەنگدەرانەی نەیانتوانیوە بەشداری لە بایۆمەتریدا بکەن، بەڵام ئەوانەی دەنگدەری مووسڵن و لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوونە ١٩١ ھەزاریان بایۆمەترییان تەواو کردووە و تەنیا کارت ماوە بۆیان بگەڕێتەوە، بەڵام ئەوانەی کارتی پێشوویان ھەیە ئەگەر نەگەڕێنەوە مووسڵ کارتەکانیان پێ نادرێتەوە، یانیش کاری پێ ناکرێت لە لایەن کۆمسیۆنی بەغداوە."
قائید میرۆ




