بڕیاری بوونی چوار شارەدێی سنووری دیالە بە شارۆچكە، سیاسییە

دیالە-KDP.info- بەرپرسێكی كورد لە سنووری پارێزگای دیالە دەڵێ، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بڕیاری داوە چوار شارەدێی سنوورەكە بكرێنە شارۆچكە، لە كاتیكدا شارەدێی سەعدییە و جەلەولا زۆر لەوانە گەورەترن و نەكراونەتە شارۆچكە، چونكە زۆرینەی دانیشتووانەكەی كوردن، بۆیە بڕیارەكە سیاسییە.
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بڕیاری داوە هەر چوار شارەدێی مەنسوورییە، مەندەلی، سەلام و بەنی سەعد بكات بە شارۆچكە، بۆ ئەو مەبەستەیش لیژنەیەكیان پێك هێناوە بۆ ئەوەی ڕێكاری بەشارۆچكەكردنیان بگیرێتە بەر و، بەپێی زانیارییەكانیش زۆرینەی خەڵكی ئەو چوار شارەدێیانە عەرەبن.
ئەو چوار شارەدێیە زۆر لە شارەدێكانی دیكەی سنوورەكە بچووكترن، بەڵام زۆرینەی دانیشتووانەكەیان عەرەبن.
عامر رەفعەت، كە بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستانە له سەعدیە و كاندیدی حزبەكەیەتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دەڵێ: "ئێمە پێمان ناخۆش نییە ئەو چوار شارەدێیە بكرێنە شارۆچكە، بەڵام پێویست بوو ئەولەوییەت بۆ جەلەولا و سەعدییە بووایە، چونكە لە ڕووی جوگرافیا و فراوانیی سنوورەكەی و ژمارەی دانیشتووانیشییەوە خاسیەتەكانی شارۆچكەیان تێدا هەیە".
رەفعەت، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "ئەو دوو شارەدێیە لەوەتەی هەن خوێنیان لێ دەچۆڕێ و قوربانیی زۆریان داوە. ئینجا ئەگەر مەرامێكی سیاسی لە پشت ئەو بڕیارەوە نەبێت، ئەوا پێویست بوو پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ئەولەوییەتی بوونی شارەدێی بۆ شارۆچكەیان لە جەلەولا و سەعدییەوە دەست پێ كردبووایە، بەڵام لەبەر ئەوەی دانیشتووانی ئەو چوار شارەدێیە جگە لە مەندەلی، زۆرینەی عەرەبن و لە جەلەولا و سەعدییەیش زۆرینەی كوردن، جگە لە سەعدییە و جەلەولایش قەرەتەپە و جەبارەیش هەنە، بەڵام كامەی عەرەبی لێ زۆرە بڕیاریان بۆ ئەوانە داوە ببنە شارۆچكە".
چونكە ئەو ناوچانەی كوردی لێن دەكەونە سنووری ماددەی 140ـی دەستووری عێراقەوە، وەك ڕەفعەت دەڵێ، حكوومەتی عێراق نایەوێت لەو ناوچانە پێشكەوتن بێتە دی و پەرەیان پێ بدرێت و دەیەوێت هەر بەم شێوەیە بمێننەوە.
شیاوی بیرخستنهوهیه، لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، حكوومەتی عێراق پرۆسەی بەعەرەبكردنی لە ناوچەكە دەست پێ كردووە و بەردەوام عەرەب بۆ ناوچە كوردییەكان هاوردە دەكات و، دەست بەسەر مڵك و زەویی كورداندا دەگرن.
بڵند ئیبراهیم




