١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لە مووسڵ چەندین گرووپی تیرۆریستی دروست بوونەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتی ڕایگەیاند، دۆخی ئەمنیی پارێزگای مووسڵ زۆر خراپە، بە جۆرێك جارێكی دیكە چەندین گرووپی تیرۆریستانی داعش دروست بوونەتەوە، كە لە ناوچەی بادۆش هێرشیان كردووەتە سەر بارەگایەكی سوپای عێراق و پێنج سەربازیان كوشتوون.

لە سنووری پارێزگای مووسڵ، دوای رزگاركردنی ئەو شارە لە دەستی تیرۆریستانی داعش، چەندین هێزی جیاواز پارێزگاری لەو شارە دەكەن، بە تایبەت گرووپەكانی حەشدی شەعبی و بەردەوام كێشە بۆ خەڵكی دروست دەكەن و پێشێلكاری ئەنجام دەدەن، بە گوتەی شارەزایانی سەربازییش، ئەو هێزانە هیچ هەماهەنگییەك لە نێوانیاندا نییە، بۆیە دۆخی ئەمنیی شارەكە بەردەوام بەرەو خراپتر دەچێت.

عیسمەت رەجەب، بەرپرسی لقی چواردەی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دۆخی مووسڵ زۆر خراپە و كوشتن و دزین بەردەوامە، لە ئێستایشدا چەند گرووپێكی دیكەی داعش دروست بوونەتەوە و، لە ناوچەی بادۆش هێرش كراوەتە سەر بارەگایەكی سوپای عێراق و پێنج سەرباز كوژراون، بۆیە جموجۆڵی داعش جارێكی دیكە لە رۆژئاوا و باشووری مووسڵ دەستی پێ كردووەتەوە و بووەتەوە مەترسی بۆ سەر ئەو شارە".

رەجەب گوتیشی: "لە دەشتی نەینەوا حەشدی شەعبی خۆی زاڵ كردووە بەسەر خەڵكەكەدا و بەردەوام زوڵم لە مەسیحییەكان دەكەن و زەوییەكان بەسەر عەرەبەكاندا دابەش دەكەن، ئەمەیش بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكە و بەعەرەبكردنییەتی".

لای خۆیشیەوە، بەرەكات شەمۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دۆخی ئەمنیی مووسڵ رۆژ بەرۆژ بەرەو خراپتر دەچێت و، چەندە لە هەڵبژاردنەكان نزیكتر ببینەوە، كێشەكان زیاتر دەبن، چونكە جارێكی دیكە داعش سەری هەڵداوەتەوە و، لە ناوچەی بادۆش هێزە ئەمنییەكان ئۆپەراسیۆنێكیان ئەنجام داوە و27تیرۆریستی داعشیان دەستگیر كردوون، ئەمەیش واتای ئەوەیە كە هێشتا داعش لە ناوچەكە هەیە و رۆژ بەڕۆژ جموجۆڵیان زیاتر دەبێت، چونكە جگە لە ئەوانە، رۆژانە تیرۆریستیی دیكە دەستگیر دەكرێن".

شەمۆ گوتیشی: "هۆكاری سەرهەڵدانەوەی داعش، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە چەندین جۆرە هێز لەناو مووسڵدا هەن و، هیچ هەماهەنگییەكیش لە نێوانیاندا نییە، ئەمەش وای كردووە نەتواندرێت دۆخی ئەمنیی مووسڵ كۆنتڕۆڵ بكرێت".

دەشڵێت: "قسەم لەگەڵ سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ كردووە و باسی لەوە كرد، كە سنوورەكانی نێوان سووریا و عێراق بە تایبەت لە ناوچەی شنگال و بەعاج كراوەن و، زانیارییان هەیە داعش دەیەوێت لە رێگەی شانەی نوستووی خۆیانەوە كردەی تیرۆریستی ئەنجام بدات، جموجۆڵیشیان زیادی كردووە، بە تایبەت كە لە هەڵبژاردنەكان نزیك دەبینەوە".

 

 بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار