د. ڕێبوار بابكەیی: تا عێراق بەم شێوەیە بێت هەرگیز پێكەوەژیانی لێ بەدی نایەت
__2018_03_04_h15m59s16__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- پسپۆڕێكی زانستە سیاسییەكان دەڵێ، تا عێراق بەم شێوەیە بێت هەرگیز پێكەوەژیانی لێ بەدی نایەت. چونكە پرەنسیپی پێكەوەژیان زیاتر مۆڕاڵی و ئەخلاقییە نەوەك سیاسی، بەڵام دەستەبژێرێكی سیاسی لە عێراق كە شیعەن، دەیانەوێت عێراق لەسەر پرەنسیپی سیاسی بەڕێوە ببەن .
حكوومەتی عێراق بەردەوامە لە دژایەتیی كورد و لە دواهەمین هەنگاویشیدا، پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق بەبێ گوێدانە كورد پەسەند كرا. چاودێرانی سیاسیش پیان وایە ئەم هەنگاوانەی حكوومەتی عێراق كە لە دژی كورد دەینێت، عێراق بەرەو دیكتاتۆریەتێكی تەواو دەبات و داهاتووی ئەم وڵاتە تەواو ڕەش دەكات.
دكتۆر ڕێبوار بابكەیی، پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان و مامۆستای زانكۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كاتێك لە ساڵی 2005 دەستووری عێراق نوسرایەوە زۆرێك لە هێزە عێراقییەكان دژی سیستەمی فیدراڵی بوون، بەڵام ئەوكات بێهێز بوون و نەیانتوانی بە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بچنەوە، کەچی كاتێك بگۆڕێكی گەورەی وەكو ڕووداوەكەی 16ـی ئۆكتۆبەر دێتە پێشەوە هاوسەنگیی هێز دەگۆڕێت و ئەوەتا بەغدا بەبێ گوێدانە كورد پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی تێپەڕاند و، كورد كە یەكێكە لە پایە گرنگەكانی حكومڕانی لە عێراق پشتگوێ خراوە. ئەمەش لە كۆتاییدا بە زیانی عێراق دەشكێتەوە."
بابكەیی جەختیشی كردەوە: "تا عێراق بەم شێوەیە بێت هەرگیز پێكەوەژیانی لێ بەدی نایەت. چونكە پرەنسیپی پێكەوەژیان زیاتر مۆڕاڵی و ئەخلاقییە نەوەك سیاسی، بەڵام دەستەبژێرێكی سیاسی لە عێراق كە شیعەن، دەیانەوێت عێراق لەسەر پرەنسیپی سیاسی بەڕێوە ببەن."
ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەكان ئاماژەیشی دا: "عێراق لە ساڵی 1921ـەوە كە دامەزراوە تا ئەمرۆ هەرگیز ئۆقرەیی سیاسی بە خۆیەوە نەبینیوە. چونكە ئەو بنەمایانەی عێراقی لەسەر دروست كراوە تەندروست نەبوون. "
د. ڕێبوار بابكەیی ڕایشی گەیاند: "دەبێ حزب و لایەنە كوردییەكان هەڵویست وەرگرن بەرانبەر بە بڕیارە تاكلایەنەكانی حكوومەتی عێراق، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هەڵوێستێكی ئەوتۆیان نەبووە. خۆ بە لانی كەم دەبوو لەو حكوومەتەی عێراق بكشێنەوە كە سەرجەم هەوڵ و بڕیارەكانی لە دژی كوردە و پێوستە سەرۆككۆماری عێراق و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیرەكان دەست لەكار بكێشنەوە."
سەرباز واحد




