١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دكتۆر كاوان ئیسماعیل: گوشارەکانی عەبادی، بۆ ئەوەیە ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  پسپۆڕێكی زانستە سیاسییەكان ڕایگەیاند، لیژنەكانی بەغدا یەك بیانوویان نەبینییەوە تا بیكەنە بەهانەیەك بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان. دەشڵێ، عەبادی دەیەوێ گوشارێك دروست بكات تا لایەنە كوردییەكان پشتگیری بكەن بۆ ئەوەی بۆ خۆلی دووەم ببێتەوە بە سەرۆكوەزیران.

دكتۆر كاوان ئیسماعیل، راگری كۆلێژی یاسا و رامیاریی زانكۆی سەڵاحەددین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی  راگەیاند: "حكوومەتی عێراق و سەرۆكوەزیرانی، تەنیا دەیانەوێ كات بكوژن و نایانەوێ كێشەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارە بكەن، من هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگێڕمەوە لە ڕووی ئیداری و كارگێڕییەوە هەرێمی كوردستان زۆر پێشكەوتووترە لە بەغدا، بەڵگەیش بۆ ئەو راستییە ئەوەیە، لیژنەكانی وردبینیی عێراق ماوەیەكی زۆرە دەگەڕێن تەنانەت كەموكوڕییەكی ئەوتۆیشیان نەبینییەوە ببێتە هۆكار تا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نەنێرن، یانیش فڕۆكەخانەكان نەكرێنەوە، ئەو هەموو راگەیاندنە لە عێراق هەن، تەنیا كەموكۆڕییەكی زۆر كەمیشیان دەست لیژنەكانی بەغدا بكەوتایە، ئێستا دەیانكردە مادەدی راگەیاندن و دنیایان تێدەگەیاند".

ئەو پسپۆڕەی زانستە رامیارییەكان گوتیشی: "ئەوەی ئێمە دەیخوێنینەوە، حەیدەر عەبادی دەیەوێ ببێتەوە بە سەرۆكوەزیرانی عێراق و، داواكاریی دیكەی هەیە لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەیش  نیەتی وایە ناردنی مووچە و كردنەوەی فڕۆكەخانەكان بكاتە گوشار لەسەر هەرێمی كوردستان، تا لایەنە كوردییەكان هاوپەیمانەتیی لەگەڵدا گرێ بدەن و پاڵپشتی بكەن بۆ ئەوەی دووبارە عەبادی ببێتەوە بە سەرۆكوەزیرانی عێراق".

دكتۆر كاوان هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "كورد لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا یاریزانێكی بەهێزە، ئەوە راستییە كورد هەموو كارتەكانی لە دەست دابێت لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەر، بێگومان ناكرێت بڵێین لە سیاسەتدا یەك بژاردە هەیە، كورد  ئازادە لەوەی لە داهاتوودا پشتگیریی كێ دەكات بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكوەزیران وەربگرێت، لە عێراقدا شتێك نییە بۆ ئەوەی كەسێك دەنگی زیاتری بە دەست هێنا، لە پەرلەمان بە ئارەزووی خۆی حكوومەت پێك بێنێ، بەڵكوو پێویستی بە هاوپەیمانی و پشتگیری هەیە، چونكە تا ئەم عێراقە مابێت، دەبێت حكوومەتی ئیتیلافی دروست بكرێت، بەوەیش پێویستیان بە كوردە هەر كەسێك بیەوێ ئەو پۆستە وەربگرێت."

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار