"گەر لایەنی نێودەوڵەتی چاودێریی هەڵبژاردنەكانی دەشتی نەینەوا نەكات، پێشێلكاری ئەنجام دەدرێت"

نەینەوا-KDP.info- بەرپرسی ئۆفیسی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەڵێت، هەڵبژاردنەكان لە سنووری پارێزگای مووسڵ و دەشتی نەینەوا ئاستەنگی زۆریان بۆ دروست دەبێت و، پێشلێكاری ئەنجام دەدرێن گەر لایەنی نێودەوڵەتی چاودێریی هەڵبژاردنەكان نەكات.
بڕیارە لە (١٢-٥-٢٠١٨)، هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچن، سەعید جردۆ، لەو بارەیەوە بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوت، ئەگەر لایەنێكی نێودەڵەتی سەرپەرشتی و چاودێریی هەڵبژاردنەكانی دەشتی نەینەوا نەكات، پێشلكاریی زۆر ئەنجام دەدرێن و ئەمەیش زیانی دەبێت.
جردۆ گوتیشی، هەبوونی هێزی سەربازیی یەك لایەن لە دەشتی نەینەوادا، گومانی گەورەی خستووەتە سەر دەنگەكان لە دەشتی نەینەوا و، پێدەچێت ئەمەیش كار لەسەر دەنگەكانی ئەو سنوورە بكات.
بۆ بیرهێنانەوە، گوتەبێژی هۆزە عەرەبەكانی نەینەوا، پێشتر بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندبوو، ئەمەریكا سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەكان لە ناوچە سووننەنشینەكان دەكات، بە تایبەت لە ناوچە جێناكۆكەكان كە بە ناوچەی ماددەی ١٤٠ ناسراون.
سەبارەت بەم پرسەیش، چالاكوانێكی سیاسی لە شارۆكەی باشیك، كە نەیوسیت ناوی ببرێت، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "دەمانەوێت لایەنێك بێت و چاودێریی هەڵبژاردنەكان بكات، چونكە ئەگەر نەیەتە دەشتی نەینەوا، ئەوا حەشدی شەعبی لە ئێستاوە پێشلكاری دەكات، بۆیە بێگومان لە هەڵبژاردنیشدا زۆری لە خەڵك دەكات و ئێستا دەترسین كە حەشدی شەعبی عەرەبی زۆر بێنێتە دەشتی نەینەوا" .
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاندبوو، ئەو لایەنانەی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا تۆمار كراون، ژمارەیان گەییشتووەتە ٢٠٥ لایەن.
كـــاروان بـــاعەدری




