پارێزگاری مووسڵ لە پۆستەكەی دەمێنێتەوە

مووسڵ-KDP.info- سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ڕایگەیاند، بە ھەوڵی لقی چواردەی پارتی، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنجوومەنەکەیان و پارێزگار ئاسایی بوونەتەوە و پارێزگاریش لە پۆستەكەی بەردەوام دەبێت.
لە ماوەی رابردوودا، ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بە زۆرینەی دەنگ پارێزگاری مووسڵی لە پۆستەكەی دوور خستەوە وو دواتر پارێزگار تانەی لەو بڕیارە دا، بۆیە بڕیارەكەی ئەنجوومەن ھەڵوەشایەوە و دواتریش سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیارێكی بۆ دوورخستنەوەی پارێزگار دەركرد وو ئەنجوومەنی پارێزگا بە نیاز بوو ئەو بڕیارە پەسەند بكات و پارێزگار جارێكی دیكە دوور بخرێتەوە، ئەمەیش وای كردبوو كاروباری ئیداریی پارێزگای مووسڵ پەكی بكەوێت و پەیوەندیی نێوان ئەنجوومەن و پارێزگار تێك بچێت.
سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ سەیدۆ چەتۆ، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دوای تێكچوونی پەیوەندیی نێوان ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگاری مووسڵ، كاروباری ئیداریی پارێزگای مووسڵ پەكی كەوتبوو، چونكە ئەنجوومەن ھەوڵی لادانی پارێزگاری دەدا و پارێزگاریش ئامادە نەبوو دەستبەرداری ئەو پۆستە بێت، ئێمەیش وەكوو كورد پەیوەندیمان لەگەڵ پارێزگار باش بووە، بۆیە بەرپرسی لقی چواردەی پارتی لە مووسڵ توانی بە ھەوڵەكانی خۆی جارێكی دیكە پەیوەندیی نێوان ھەردوو لا ئاسایی بكاتەوە و، لە ئێستادا ھیچ كێشەیەك لە ئارادا نەماوە".
چەتۆ هەروەها گوتی، پارێزگاری مووسڵ لە كارەكانی خۆی بەردەوام دەبێت و ئەنجوومەنیش متمانەی لێ وەرناگرێتەوە و كاروباری ئیداری بەڕێوە دەبات، چونكە ماوەیەكی زۆرە كاروباری ئیداری بە ھۆی ئەو كێشەیەوە وەستاوە. پارێزگاری مووسڵ و سەرۆكی ئەنجوومەنیش، سەردانی یەكترییان كردووە و كۆتایی بە كێشەی نێوانیان ھاتووە.
بڵند ئیبراھیم




